چەکدارانی نەناسراو، چالاکی مەدەنی تەحسین عەلی خەفاجی چالاکی دیاری خۆپیشاندانەکانی بەسرەیان تیرۆر کرد، ئەوەش دوای ٤٠ ڕۆژی ڕێک دێت لە تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوس هیشام هاشمی لە ناوەڕاستی بەغدا، کە تا ئێستا بکەرانی ئاشکرا نەکراون.
تەحسین خەفاجی، چالاکێکی دیاری نێو خۆپێشاندانەکانی بەسرە بوو، دوێنێ ژمارەیەک چەکداری نەناسراو بە دەمانچەی بێدەنگ چوونە سەر شوێنی کارەکەی لە بازاڕ و ٢٠ گولـلەیان بە چەکی بێدەنگ پێوەنا و دەستبەجێ گیانیلەدەستدا.

خەفاجی باوکی چوار منداڵە و کۆمپانیای بواری ئینتەرنێتی هەبووە لە بەسرە، دوای تیرۆرکردنیشی، دەستبەجێ نوسینگەکەیان ئاگر تێبەرداوە و هاوڵاتییەکی دیکەی نزیک ڕووداوەکەش برینداربووە.
تیرۆرکردنی ئەو چالاکوانە مەدەنییەی بەسرە، لە دوای ٤٠ ڕۆژ لە تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوس و پسپۆڕی بواری گروپە تیرۆریستییەکان هیشام هاشمی دێت لە ناوەڕاستی بەغدا کە تا ئێستا هیچ کەس و لایەنێک لەسەری دەستگیر نەکراوە، لەکاتێکدا حکومەتی نوێ بەڵێنیداوە هەموو ئەو کەس و لایەنانە سزا بدات کە دەستیان سوور بووە بە خوێنی خۆپیشاندەران و ڕۆژنامەنوسان.
س.ح