تیمەکانی وەڵامدانەوەی شەهید سەید باتمان لە یەپەسە ڕایگەیاند، لە چوار شاری تورکیا چالاکیان ئەنجامداوە، لە ئامەد، ئۆتۆمبێلێکی پۆلیسی تورک، لە مانیسا ٢ تانکەری هەڵگری ماددەی کیمیایی، لە موغلا ئۆتۆمبێلێکی “فاشیستەکان” و لە دەنیزلیش کێڵگەیەکی “فاشیستەکان”یان سوتاندووە.
لە ڕاگەیاندراوی تیمەکانی وەڵامدانەوەی شەهید سەید باتمان لە یەکینەکانی پاراستنی سڤیل (یەپەسە)دا هاتووە، لە چوارچێوەی “هەڵمەتی توڵەسەندنەوە لە سیخوڕان – نۆکەران و داگیرکەران” دا زنجیرە چالاکییەکیان ئەنجامداوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە ٢٠ی تەموزی ٢٠٢٠ و لە کاتژمێر ٢٢:٤٥ دا لەگەڕەکی تۆکی ئۆچکویو لە ناوچەی پەیاس لە ئامەد لە دژی پاسێکی پۆلیسەکان، کە بۆ گوێگرتن و چاودێریکردن بەکاردەهێنرا و بەهاکەی زیاتر لە ٢ ملیۆن لیرەی تورکییە، چالاکییەکی سابوتاژیان ئەنجامداوە و بەو هۆیەوە ئۆتۆمبێلەکە سوتاوە و یەکەی ئەنجامدەری چالاکییەکەش سەرکەوتوانە لە شوێنی چالاکییەکە دوورکەوتونەتەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە ٣٠ی تەممووز و لە کاتژمێر ١٩:٠٠ دا لە ناوچەی پیشەسازیی مورادییە لە چالاکییەکی سابوتاژدا ٢ تانکەری هەڵگری ماددەی کیمیایی ئاگریان تێبەردرا و ئاگرەکە تاوەکو ڕۆژی دواتر کاتژمێر ١١:٠٠ بەردەوام بوو.
لە ڕاگەیاندراوکەدا ئەوەش هاتووە، ١ی ئاب لە گەڕەکی کۆناک لەناوچەی یاتاغان لە موغڵا ئۆتۆمبێلی کەسێکی فاشیست سوتێنرا.
هەروەها لە گەڕەکی قەرەبایر لەناوچەی چامەلی لە دەنیزلی لە ٢١ی تەممووزدا و لە کاتژمێر ٠٩:٠٠ دا کێڵگەیەکی فاشیستەکان ئاگری تێبەردار.
لە ڕاگەیاندراوەکە ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو چالاکییانەیان بۆ بەرز راگرتنی یادی شەهیدانی “جەنگی حەفتانین” و شەهیدانی بەرخودان ئەنجامدراون.
ک.س