مەزڵۆم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات- قەسەدە ڕایگەیاند، دوای ئەوەی کورد، چەتەکانی داعشیان تێکشکاند، هەست بەوەکرا، کە جیهان پشتی لە کورد کرد و وتی، “ئەگەر پشتگیریی لە کورد نەکرێت، داعش بەهێز دەبێتەوە”.
کیکیلیا ئودەن، پەیامنێری ڕادیۆی دەوڵەتی سویسرا لەگەڵ مەزڵۆم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (قەسەدە) چاوپێکەوتنێکی ئەنجامدا، لە چاوپێکەوتنەکەدا عەبدی ڕەخنەی لەو وڵاتانە گرتووە، کە لەبەرانبەر ڕووداوەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بێدەنگن و بۆ ئاوەدانکردنی وڵات وەک پێویستە هاوکاریان نەکردووە.
ئودەن ڕایگەیاند، مەزڵوم عەبدی لە چاوپێکەوتنەکەدا باسی ئەوەی کردووە کە شەڕ نەماوە، بەڵام سەختیەکان زۆرە لە ڕۆژئاوا و کورد هەست بەوە دەکات، کە جیهان پشتی لەوان کردووە.
عەبدی، بەبیریهێنایەوە کە شەڕی ئایدۆلۆژیی لەگەڵ شەڕی سەربازیی دژی داعش سەختترە و پێویستی بە کات، سەرچاوە و خەباتێکی زۆر هەیە و وتی:” داعش کێشەی هاوبەشی جیهانە و پێویستە جیهان لەبەرانبەر ئەم پێکەوە تێبکۆشێت و ئەمەش لە بەرژەوەندی هەموو لایەکە”.
عەبدی، باسی ئەوەشی کرد، کە دوای شەڕ هێزەکانی سوریای دیموکرات بە ئامانجی ئەوەی چەتەکانی داعش و منداڵەکانیان لە ئیسلامی ساختە ڕزگار بکەن، کارێکی زۆری کردووە و لەسەر ئەمەش زانیاریی زۆری بڵاوکردوەتەوە، دەشڵێت:”بۆ ئەوەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە چەتەکانی داعش ڕزگار بکەین، ١٦ ناوەندی تر دەکەینەوە.
“کورد پشتگوێبخرێت، داعش بەهێز دەبێت”
فەرماندەی گشتی قەسەدە ئاماژەی بەوەکرد، کە بۆ ژن، منداڵان و زیندانیان پێویستە ناوەندی نوی بکرێنەوە، بەڵام کورد خاوەن سەرچاوە، پسپۆڕیی پێویست نین و وتی:”پێویستی گەل بە خزمەتی کۆمەڵایەتی، ئاو و کارەبا هەیە، هەروەها مەترسی سەرلەنوێ بەهێزبوونی داعش هەیە، کورد پشتگوێ بخرێت داعش بەهێز دەبێتەوە”.
د.ع