دوو موشەک ئاراستەی ناوچەی سەوزی بەغدا کرا و یەکێکیان لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە تێکشکێندراوە و موشەکی دووەمیش لە نزیک هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان کەوتووەتە خوارەوە.
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە: بەرەبەیانی ئەمڕۆ ناوچەی سەوزی بەغدا بە دوو مووشەکی کاتیۆشا کراوەتە ئامانج، یەکەمیان لەلایەن سیستەمی بەرگری ئاسمانییەوە تەقێندرایەوە و دووەمیش لەنزیک هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان کەوتووەتە خوارەوە.
هەر بەپێی شانەی ئەمنیی عێراق، هێرشەکە کاتژمێر ٠٣:٠٠ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەنجامدراوە و هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە، تەنها زیانی ماددیی هەبووە و دوو ئۆتۆمبێل تێکشکاون.
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان لە هێرشەکە دەستپێکردووە و سەرەداویان لەسەر هێرشەکە دەستکەوتووە، بەڵام دیاریی نەکردووە کە موشەکەکان لەکوێوە ئاراستە کراون،.
تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی هێرشکەکەی هەڵنەگرتووە، هێرشەکەش لەکاتێکدایە کەمتر لە دوو هەفتە ماوە بۆ وادەی کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە عێراق.
ب.ل