ناوەندی ئاماری ئێران ڕایگەیاندووە، ڕێژەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە ٨٦٪ زیادی کردووە، بەشێوەیەک لە بەهاری ئەمساڵدا ٢٩ هەزار و ٧٣٥ پشکنینی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان تۆمار کراوە.
ئاژانسی ئیسنانی ئێران، بە پشتبەستن بە ئامارێکی ناوەندی ئاماری ئێران ڕایگەیاندووە، لە بەهاری ئەمساڵدا ٢٩ هەزار و ٧٣٥ پشکنینی “ئازاردانی جەستەیی” و توندوتیژی خێزانی لە ناوەندی پزیشکی دادوەری ئێران ئەنجام دراوە.
بەپێ ئەو ئامارە فەرمییە، لەو ڕێژەیە ٦٩٩ پیاو و ٢٠ هەزار و ٣٦ ژن ڕووبەرووی توندوتیژی بوونەتەوە.
لە ئامارەکەی ناوەندی ئاماری ئێراندا ئەوەش بڵاوکراوەتەوە،ڕێژەی ئازاردانی جەستەیی ٧٪ و رێژەی توندوتیژیی دەروونی ٨٦٪ زیادی کردووە.
بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران،لە دوو ساڵی رابردوودا، ڕیژەی توندوتیژی خێزانی لە ئێران لە بەرز بوونەوەدا بووە.
لەمبارەشەوە چالاکوانانی بواری مافەکانی ژنان، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لەبارەی بەرزبوونەوەی ئامارەکانی توندوتیژی، هاوکات باس لەوەشدەکەن، لە ماوەی سەرهەڵدان و پەرەسەندنی نەخۆشی کۆرۆنا، ڕێژەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزانی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاد بووە.
دوێنێش ٢٥ی نۆڤەمبەر لە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، چەند چالاکییەک لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پێشەنگایەتی ژنان بەڕێوەچوو.
لە شاری سنە، چالاکوانانی ژنان لە دامێنی چیای ئاویەر لە گوێزە کوێر گردبوونەوەیەکیان بەڕێوەبرد و تێیدا داوای فراوانکردنی تێکۆشان بۆ بنەبڕکردنی توندوتیژی سەر ژنانیان کرد.
ب.ب