ئەمشەو لە ماڵی مام جەلال لە بەغدا کۆبوونەوەیەک لە نێوان بافڵ تاڵەبانی و سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی ئەنجامدرا و بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی یەنەکە، داواکرا هەوڵەکان خێرا بکرێن لە دروستکردنی حکومەتێکی بەهێز.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە بافڵ جەلال تاڵەبانی، لە ماڵی مام لە بەغدا پێشوازییکرد لە سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی، کە پێکهاتبوون لە نوری مالیکی، هادی عامری، قەیس خەزعەلی و موسەننا سامەرائی لە هاوپەیمانی عەزم و رەیان کلدانی لە بزووتنەوەی بابلیون.
ئاماژەی بەوەشکردووە: کۆبونەوەکە بە مەبەستی تاوتوێکردنی دوایین هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق ئەنجامدرا، گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهاتەکان و یەکخستنی هەوڵەکان بۆپێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق کرا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، جەخت لە دروستکردنی حکومەتێکی بەهێز کرایەوە کە توانای زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و تێپەڕاندنی ئاستەنگەکانی هەبێت.
هاوکات داواکرا هەوڵەکان خێرا بکرێن تاوەکو بەزووترین کات حکومەتێکی نیشتمانیی خزمەتگوزار دروستبکرێت کە کار بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی سەقامگیر بکات و لەهەموو ئاستەکاندا خزمەتگوزاری پێشکەش بکات. جەختیش لەوە کرایەوە مافە یاسایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق پارێزراوبێت.
ها-غ