سێشەممە, 28 أبر 2020 – 11:55 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
دوابەدوای هەڵگرتنی کەرەنتینە و قەدەغەی هاتووچۆ، لە هەفتەی ڕابردووەوە ناڕەزایەتییەکان دژی دەوڵەتی لوبنان دەستیپێکردووەتەوە و دوێنێ ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەو وڵاتە دژی بەرزبوونەوەی نرخی شتومەک و دۆخی ئابوری وڵاتەکەیان هاتنە سەر شەقام.
ناڕەزایەتییەکانی دوێنێ لە بەیانییەوە بە گردبوونەوەی خەڵک لە ناوەندی بەیروتی پایتەخت دەستیپێکرد، دوای نیوەڕۆ هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردن بە خۆپیشاندەران ڕەوانە کران، بەڵام دەمە و ئێوارە دیسان خەڵکی ناڕازی بە سووتاندنی تایەی ئۆتۆمبێل ڕێگاکانیان داخست.
بەپێی هەواڵێکی یورۆنیوز، لە بەیروتی پایتەخت دەیان گەنجی تووڕە بینای بانکەکان و ئۆتۆمبێلەکانی پۆلیسیان سووتاندووە.
لەلایەکی دیکەشەوە لە شاری تەرابلوس ناڕەزایەتیی خۆپیشاندەران تا درەنگانی شەو بەردەوام بوو بە دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکان، ئاڵۆزی لێکەوتەوە و ژمارەیەک کەس برینداربوون.
خاچی سوری لوبنان ڕایگەیاند: کارمەندانیان بریندارانی ئاڵۆزییەکانیان گواستووەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی شاری تەرابلوس، تا لەوێ چارەسەرییان بۆ بکرێت.
س.ح