وەزارەتی ئابووری لوبنان جاریکی دیکە بەرزبوونەوەی نرخی نانی ڕاگەیاند، هۆکارەکەشی بۆ دابەزینی بەهای دراوی وڵاتەکە و گرانبوونی سوتەمەنی گەڕاندەوە.
وەزارەتی ئابووری و بازرگانی لوبنان نرخی نانی دیاری کرد و بە گوێرەی ئەو نرخەی ئێستا بۆ هەرنانێکی بچوکی قەبارە ٣٦٥ گرامی بەرامبەر دەبێت بە ٩هەزار لیرە و نانی قەبارە ناوەند کێشی ٨٢٥ گرام دەبێت و بەرامبەر دەبێت بە ١٥ هەزار لیرە.
وەزارەتەکە ڕوونیکردووەتەوە نرخی نوێ بەهۆی بەرزبوونەوەی خێرای ڕێژەی ئاڵوگۆڕی دۆلار و بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی سوتەمەنیە کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر نرخی بەرهەمی ئارد و تێچووی بەرهەمهێنانی نان و گواستنەوە هەیە، هەروەها نرخی بەرزی گەنم لە بازاڕەکانی جیهاندا هۆکاریکی دیکەیە.
بەهای یەک دۆلار بەرامبەرە بە ٣٧ هەزار لیرەی لوبنانی بەوەش یەک دۆلاری ئەمریکی کەمتر لە ٥ نانی قەبارە بچوک دەکات، بەهای دراوی ئەو وڵاتەش بەردەوام ڕووی لە دابەزینی زیاترە.
ماوەی ڕابردوو بەهۆی دۆخی خراپی ئابوری ئەو وڵاتە حکومەت بێچارەبوونی خۆی لەبەرامبەر دۆخی ئابری ڕاگەیاند بەوەش ئەو وڵاتە جارێکی دیکە ڕووبەڕووی قەیران بویەوە.
ها-غ