کۆمەڵەی مافی مرۆڤ-لقی ئیستەنبوڵ ڕایدەگەیەنێت، ڕەوشی زیندانیانی مەڕمەڕەی تورکیا مەترسیدارە و بە تەنها لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا، زیاتر لە دوو هەزار و ٣٠٠ پێشێلکاری تۆمار کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەکە- لقی ئیستەنبوڵ، زیندانیانی ناوچەی مەڕمەڕەی تورکیا کە هەریەک لە ئیستەنبوڵ و یالوفا و بۆرسە و تەکیر داخ دەگرێتەوە، لە سێ مانگی ڕابردوودا دوو هەزار و ٣١٤ پێشێلکارییان بەرامبەر ئەنجامد دراوە لەنێویشیاندا، مامەڵەی قورس و دواخستنی چارەسەری پزیشکی و لێدانی توند.
گوڵسەران یولیری سەرۆکی لقی ئیستەنبوڵی کۆمەڵەکە دوپاتیکردووەتەوە، ١٨٧ زیندانی لە ٢٥ زیندانەوە سکاڵایان تۆمار کردووە کە پێشێلکارییان بەرامبەر کراوە، هەروەها بە تەنیا لە مانگی ٤ی ئەمساڵیشدا ٥٣٣ پێشێلکاری تۆمار کراوە، لە مانگی پێنجیشدا ٦٤٥ پێشێلکاری و مانگی ڕابردووش هەزار و ١٣٦ پێشێلکاری بەرامبەر زیندانیان تۆمار کراوە.
لەلایەکی ترەوە پەرلەمانتارێکی پارتی گەلی کۆماری تورکیا- جەهەپە سەزگین تانری کولو ئاشکرایکردووە، لەماوەی حوکمی ئەردۆغاندا، ٧٢١ ڕۆژنامەنوس دەستگیرکراون، واتە لەنێوان ساڵی ٢٠٠٢ بۆ ٢٠١٩، لە ئێستاشدا ٩٣ ڕۆژنامەنووسیان لە زینداندان.
س.ح