چوؤرشەممە, 10 يون 2020 – 14:55 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
“ئەنجومەنی گەورەکانی بیر ئەشهەب” کە لە عەشیرەتی “مەنفە”ی لیبیا و نەوەی عومەر موختارن، لێدوانێکی ئەردۆغان سەرۆکی دەوڵەتی تورکیان شەرمەزار کرد، کە بانگەشەی ئەوەی کردبوو، بەرامبەر تیرۆر هاوکاریی نەوەکانی عومەر موختار دەکات.
دوێنێ ئەردۆغان لە لێدوانێکیدا بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە؛ “ئێستا نەوەکانی عومەر موختار شەڕی تیرۆریستان دەکەن لە لیبیا ئێمەیش وەک تورکیا بەردەوام دەبین لە هاوکاری کردنیان”.
ئەمڕۆ لە وەڵامی ئەو بانگەشەیەی ئەردۆغان “ئەنجومەنی گەورەکانی بیر ئەشهەب” ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند: ئێمە نەوەی “موختار”ـین لە هۆزی “مەنفە” و چاودێریی بارودۆخی وڵاتەکەمان دەکەین و دەبینین کە ئەو شەڕ و کوشتارەی لە لیبیا ڕوودەدات لەسەر دەستی تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیایە، کە دەڵێت هاوکاریی نەوەکانی عومەر موختار دەکەین.
لە بەردەوامیدا هاتووە: ئێمە وەک هۆزی ‘مەنفە’، تەواوی ئەو لێدوانە بەتوندی ڕەتدەکەینەوە و دەڵێین؛ ئەوە فڕۆکەکانی ئەردۆغانە نەوەکانی “عومەر موختار کوڕی عومەر هیلالی مەنفە” دەکوژێت، کە موسڵمانێکی ڕاستەقینە بووە و ئەردۆغانێکی سەرلێشێواو کە لەشفرۆشی و بێئەخلاقی لە وڵاتەکەی خۆیدا بە یاسا حەڵال کردووە لە ئاستی ئەوەدا نییە ناوی عومەر موختار بهێنێت.
لە کۆتاییشدا هاتووە: ئێمە سەرسوڕمانی خۆمان دەردەبڕین بەرامبەر ئەو هەموو بێشەرمییەی ئەردۆغان، کە هەزاران تیرۆریستی بیانیی هەناردەی لیبیا کردووە، چونکە لێرە تەنانەت یەک نەوەی عومەر موختار ئامادە نییە شەڕی بۆبکات.
ک.س