کۆبوونەوەی سەرکردەکانی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت بە بەشداریی سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە بەغدا کۆتاییهات و لە ڕاگەیەندراوێکیشدا جەخت لەسەر پاراستنی سەروەریی عێراق بەرامبەر هێرشە دەرەکییەکان دەکەنەوە.
کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەی سەرکردەکانی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت لەسەر بانگهێشتی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەنەکە لە ماڵی مام جەلال لە بەغدا بە بەشداریی سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆتاییهات.
بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، سەرکردەکانی هاوپەیامانیی ئیدارەی دەوڵەت جەختیان لەسەر پاراستنی سەروەریی عێراق بەرامبەر هێرشە دەرەکییەکان کردووەتەوە.
وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:”ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت ئاشکرایکرد، گفتوگۆ و کۆبوونەوە لەسەر ئاستی باڵا لە ئارادایە بۆ ڕێگرتن لە پێشێلکردنی سەروەریی عێراق لەلایەن ھەر لایەنێکی دەرەکی. دووپاتیشیکردەوە عێراق کاری جددی دەکات بۆ ڕێگریکردن لە بەکارھێنانی خاکەکەی وەک سەرچاوەیەک بۆ تێکدانی ئارامی دەوڵەتانی دراوسێ”.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا حکومەتی نوێی عێراق کابینەی وەزاریی تەواو بکات و ھەردوو وەزیری ژینگە و ئاوەدانکردنەوە دەستنیشان بکرێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا ڕاپۆرتێک لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان پێشکەشکراوە، هاوکات تاوتوێی وردەکاریی یاساکە لەڕووی سیاسیی و تەکنیکییەوە کراوە.
ب.ل