ئەندامێکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، فراکسیۆنی سەدر لە ساڵی ٢٠١٦ دەنگیاندا بە لێسەندنەوەی متمانە لە هۆشیار زێباری، پرسیار بۆ موقتەدا سەدر ئەوەیە، کە تا ئێستا چی گۆڕاوە؟ کە دەتانەوێ بیکەن بە سەرۆک کۆمار.
هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لاپەڕەی خۆی لە تویتەر نوسیویەتی ”تەنها پرسیارێکی سادەم هەیە بۆ بەرێز موقتەدا سەدر، لە ساڵی ٢٠١٦دا هەمووان هەڵوێستی فراکسیۆنی ئێوەمان لە پەرلەمانی عێراق بینی کە دەنگتاندا بە لێسەندنەوەی متمانە لە هۆشیار زێباریی”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە تا ئێستا کە ساڵی ٢٠٢٢ە چی گۆڕاوە؟ وا ئێوە وەک سەدریەکان دەتانەوێت دەنگ بە هەمان کەس بدەن و بیکەنە سەرۆک کۆماری وڵات؟
باسیلەوەشکردووە ”چۆن؟ بۆچی؟ شەقامی عێراقی دەیەوێت وەڵامی ئەم پرسیارە و لێکدانەوەی ئەو گۆرانکارییە لە هەڵوێستی ئێوە بزانێت.”
لە ٢٣ی ئەیلوولی ٢٠١٦ هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پەدەکە بەهۆی تۆمەتبارکردنی بە گەندەڵی و وەڵامنەدانەوەی پرسیارەکانی پەرلەمانی عێراقەوە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و دواتریش دادگای فیدڕاڵی تانەی ئەو وەزیرەی پەسەند نەکرد لە بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق.