ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراق بڵاویکردەوە، بەهۆی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی پارێزگاکانی عێراقی گرتووەتەوە، زیاتر لە هەزار و ٨٠٠ کەس لە پارێزگا جیاجیاکان سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە.
بەگوێرەی ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراق بڵاویکردەوە، بەهۆی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی پارێزگاکانی بەغدا، ئەنبار، کەرکوک، نەجەف، کەربەلا و سەڵاحەدینی گرتووەتەوە، تەنها لە ئەنبار و نەجەف بەهۆی کاریگەرى ئەو خۆڵبارینەوە زیاتر لە ٨٠٠ هاوڵاتی تووشی هەناسەتوندی بوون و سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە پارێزگای سەڵاحەدین بەهۆى کاریگەرى خۆڵبارینەکەوە لەسەر تەندروستى هاوڵاتیان ٣٢٢ کەس تووشی هەناسە توندی بوون و سەردانى نەخۆشخانەیان کردووە، بەڵام هیچ کەسێک گیانی لەدەست نەداوە.
هەروەها، سەباح موحسین زاملی، بەڕێوەبری گشتی تەندروستی پارێزگای دیوانییە بە ئاژانسی هەواڵی عێرقی ڕاگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی ڕووی لە عێراق کردووە، بەپێى ئامارەکان، کە لەبەردەستماندان لە پارێزگاکەمان ١٠٠ کەس تووشی هەناسە تووندیی بوون و سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە.
لەلایەکی دیکەوە نەخۆشخانەی یەرموکی فێرکاریی بەغدا بڵاویکردووەتەوە، شەوی ڕابردوو بەهۆی تەنگەنەفەسییەوە زیاتر لە ٦٠٠ کەس سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە.
جێگەى ئاماژەیە، لە شەوی ڕابردووەوە ئەو شەپۆلە خۆڵبارینە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانیشی گرتووەتەوە بەڕێوبەرایەتی کەشناسی هەرێم ڕایگەیاندووە، خۆڵبارینەکە شاری هەولێر و دەورووبەری و ناوچەکانی گەرمیان و باشووری سلێمانی گرتووەتەوە و پێشبینی دەکرێت، تا ئێوارەی ئەمڕۆ ڕۆژی پێنجشەممە بەردەوامبێت و لەکاتەکانی ئێوارەدا کۆتایی پێبێت.
ئ.م