بەیانی ئەمڕۆ سەرکردایەتی هێزە هاوبەشەکانی عێراق، هەڵمەتێکی گەڕان و پشكنینیان بۆ پاشماوەکانی داعش لە پارێزگای ئەنبار دەستپێکرد، لە چیای مەخموریش بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان شەش چەتەی داعش لەناوبران.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی هێزە هاوبەشەکانی عێراق، لە درێژەی ئەو هەڵمەتی گەڕان و پشکنینانەدا کە لەسەر ڕێگای خێرای نێودەوڵەتی پارێزگای ئەنبار ئەنجامیانداوە، دەستیان بەسەر ٢٢ مووشەک و چوار هاوەندا گرتووە، هەمان ئەو ڕێگایەی کە هەفتەی ڕابردوو سێ کەس لە بۆسەیەکی چەتەکاندا کوژران و لەناو ئۆتۆمبێلەکانیان ئاگریان تێبەردرا کە یەکێکیان کارمەندی بەڕێوەبەرایەتی ڕەگەزنامە بوو لە شارۆچکەی ڕوتبە.
لەلایەکی دیکەوە، دەزگای دژە تیرۆر ئاشكرایکرد، لە هەڵمەتێکی سەربازی هاوبەشدا لە چیای مەخمور شەش چەتەی داعش لەناوبراون.
دژە تیرۆر ڤیدیۆی بۆردومانی ئاسمانی بۆسەر چەتەکان بڵاوکردووەتەوە کە لەناو ئەشکەوتێکدا بوون و ڕایگەیاندووە، پێش بۆردومانەکە سێ لە چەتەکان لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە لە ڕوبەڕوبونەوەیەکدا کوژراون، ئەوانی دیکەش کە لە ئاسمانەوە چاودێری کراون، بەرەو ئەشکەوتێک هەڵهاتوون و دواتر بە بۆردومانی ئاسمانی لەلایەن هاوپەیمانانەوە لەناوبراون.
ی. ک