وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەر هەرێمێک سەربەخۆ گرێبەستی نەوتی لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان بکات بۆ هەناردەکردنی نەوت و غاز پێچەوانەی دەستوورە.
وەزارەتی نەوتی عیراق لە ڕاگەیهندراوەکەدا کە دوای قسەکانی مەسرور بارزانی بڵاویکردەوە دەڵێت، هەرێمەکان مافی ئەوەیان نییە تاکلایەنە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکاندا بکەن.
وەزارەتەکە باسی لەوەشکردووە، حکومەتی فیدراڵی مافی سەرپەرشتیکردنی ئەو کێڵگانەی هەیە کە لە داهاتوودا لە هەریمەکان دەدۆزرێنەوە.
بەبیری هێناوەتەوە کە سیاسەتی پەرەپێدانی نەوت و غاز بەتەنها لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵییە وئەوەشی ڕاگەیاندووە کە گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان لە بواری وزەدا نادەستوورین.
لەلایەکی دیکەوە عەلا یاسری، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە دیداریکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، هەرێمی کوردستان نەوتەکەى بە شەش بۆ حەوت دۆلار کەمتر لە نرخی ئاسایی لە بازاڕەکانی جیهاندا دەفرۆشێت و ئێمەیش ئامادەین بەو نرخە نەوتەکەی لێ وەربگرین و هەناردەی دەرەوەی بکەین.
ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی کە ئەمرۆ ڕێبوار ئەوڕەحمان، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، عێراق لە ماوەی سێ مانگدا زیاتر لە ١٠ ملیار دۆلار زیادەی لە فرۆشتنی نەوت دەستکەوتووە.
ها-غ