وەزیری بەرگری حکومەتی دیمەشق لەگەڵ فەرماندەی گشتی پاسدارانی ئێران لەتاران کۆ بووەوە فەرماندەکەی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە ئەزموونەکانی خۆی لە بواری شەڕی ئەلکترۆنی لەگەڵ سوریادا هاوبەش بکات.
حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە لە تاران پێشوازی لە عەلی مەحمود عەباس، وەزیری بەرگریی سووریا،کرد و پشتیوانی خۆی بۆ حکومەتی دیمەشق دوپاتکردەوە.
فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند: هەرکەسێک هەوڵی لەناوبردنی سوریای دابێت لەڕێگەی هێرشێکی جیهانییەوە، ئەمڕۆ بەرەو لەناوچوون دەڕوات.
سەلامی ئاماژەی بەوەکرد کە خوینی خەڵکی وڵاتەکەی لەگەڵ خەڵکانی حکومەتی دیمەشق تێکەڵاو بوە و وتیشی: ئێمە ئامادەین لە بوارە جۆربەجۆرەکاندا هاوکاریی هێزی چەکداری سووریا بکەین.
فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران باسی لەوەشکرد، وڵاتەکەی ئامادەیە ئەزموونەکانی خۆی لە شەڕی ئەلکترۆنی کە شيڕێکی زۆر هەستیار و گرنگە لەگەڵ سوریا هاوبەش بکات.
سەرلەبەیانی دوێنێ، وەزیری بەرگری سوریا، بە سەرۆکایەتی شاندێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەخت، بۆ ئەوەی لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە وتووێژ بکات، کە پەیوەندییان بە پرسە نیگەرانکەرە هاوبەشەکانیانەوە هەیە.
پێش کۆبوەوەی وەزیرەکەی سوریا لەگەڵ فەرماندەی سوپای پاسداران لەگەڵ محەمد باقری فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران کۆبونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی هاوبەش کردەوە.
ئێران وەک ڕوسیا گرنگترین هاوبەشی حکومەتی دیمەشقە و پێشتر تاران ڕایگەیاندبوو کە تەنیا لەڕووی ڕاوێژەوە پشتیوانی لەحکومەتی دیمەشق دەکات.
ها-ع