وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، تاران پێشوازیی لە گەڕانەوەی پەیوەندییە ئاساییەکانی لەگەڵ سعودیە دەکات و ڕایگەیاند، کە ڕەنگە لە وڵاتی سێیەم لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سعودیە کۆببێتەوە.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: ئەگەر سعودیە ئارەزووی گەڕانەوەی بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا هەبێت، ئێمە پێشوازی لەوە دەکەین.
وتیشی: ئێمە لە دانوستانەکانی ئەم دواییەدا لەگەڵ سعودیە بەرەوپێشچوونمان بەدەستهێناوە و پێشوازی لە گەڕانەوەی دەکەین بۆ دۆخی ئاسایی.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، کە ڕەنگە لە وڵاتی سێیەم لەگەڵ هاوتا سعودییەکەی کۆببێتەوە و وتی: ئێران و سعودیە دوو وڵاتی گەورە و کاریگەرن لە ناوچەکەدا و تاران پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ڕیاز بە تەواوی نەپچڕاندووە.
ڕۆژی ١٨ی ئایاری ٢٠٢٢یش جەواد کەریمی قەدوسی، پەرلەمانتاری ئێران بە ئاژانسی فەرمی ئێران (ئیرنا)ی ڕاگەیاندبوو: لە ماوەیەکی نزیکدا حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران و فەیسەل بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لە بەغدا کۆدەبنەوە.
تائێستا پێنج گەڕی دانووستان لە نێوان سعودییە و ئێران لە بەغدا بەڕێوەچووە و پێشتریش ئێران ڕایگەیاندبوو، کە لە گەڕی پێنجەمی دانووستانەکانیان لەگەڵ ڕیاز، گەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر نەخشەڕێگایەک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان.
ب.ل