یەكشەممە, 17 ماي 2020 – 11:49 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
هەرچەندە تا ئێستا لە قەتەر ٣٠ هەزار توشبووی کۆرۆنا تۆمار کراوە، بەڵام تەنها ١٥ کەس بەوهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، کە ئەوەش ڕێژەیەکی کەمە بەراورد بە قوربانیانی ڤایرۆسەکە لە وڵاتان.
لە نوێترین بڕیاردا کۆتایی هەفتەی ڕابردوو حکومەتی قەتەر بڕیاریدا، کە ڕێکارەکانی خۆپاریزی توند بکرێنەوە و لەسەر هاوڵاتیان و پەرستاران سەپێندراوە کە لەگەڵ چوونە دەرەوەیان لەماڵ دەمامک ببەستن تەنها لەو کاتانەدا نەبێت کە شۆفێری دەکەن، بڕیارەکەش ئەمڕۆ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی بڕیارەکە، لە ئەگەری پابەند نەبوون بە ڕێکارەکان، بەپێی یاسای ١٧ی ساڵی ١٩٩٠ کە تایبەتە بە خۆپارێزی لە نەخۆشییە گشتگیر و گوازراوەکان، سزایەک دەدرێت کە لە سێ ساڵ زیاتر نەخایەنێت یان بە ٥٥ هەزار دۆلار غەرامە دەکرێت.
بە تەنها قەتەر نییە کە سزای نەبەستنی دەمامکی لەسەر خەڵکی سەپاندووە، دەسەڵاتدارانی چادیش وەک تاوان مامەڵە لەگەڵ ئەو حاڵەتە دەکەن و سزای ١٥ ڕۆژ زیندانی بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێنن، هەروەها لە مەغریب سەرپێچیکاران بە سێ مانگ سزا دەدرێن یان ١٣٠ دۆلار سزا دەدرێن.
لە ماوەی مانگی ڕەمەزاندا دەسەڵاتدارانی قەتەر هەموو جۆرە کۆبوونەوەیەکیان قەدەغە کرد، تا ئێستاش دەرگای چایخانە و سینەما و مزگەوت لەو وڵاتە نەکراوەتەوە، بەڵام کارکردن لە پرۆژەی نوێکردنەوە و دروستکردنی یاریگاکانی وڵات کە دەبێت بۆ مۆندیالی ٢٠٢٢ ئامادە بێت، ڕانەگیراوە.
س.ح