ئەمڕۆ یەکەم زەنگی خوێندن لە خوێندنگاکانی عێراق لێدەدرێت، پاش ئەوەی ماوەی زیاتر لە دوو مانگە پرۆسەکە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە دواکەوتووە، لە هەرێمیش هەرچەندە بەبیانووی کۆرۆناوە تا سەرەتای مانگی داهاتوو دواخراوە، بەڵام پێناچێت بەهۆی دابەش نەکردنی مووچەوە مامۆستایان بچنەوە هۆڵەکانی خوێندن.
بەپێی ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، ئەمڕۆ یەک شەممە بە بەشداری زیاتر لە ١٠ ملیۆن خوێندکار، پرۆسەی نوێی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢١ لێدەدرێت کە بە هەماهەنگی لەگەڵ شانەی قەیرانەکان پێشتر بڕیاری لەبارەوە درابوو.
ساڵی نوێی خوێندن جیاواز دەبێت لە ساڵەکانی ڕابردوو، تەواوی ڕێنماییەکان سەرجەم خوێندنگا ئەهلی و حکومیەکان دەگرێتەوە کە دەبێت دهوام یهك ڕۆژ بێت لە هەفتەیەکدا، بەڵام پێدەچێت هەندێک لە خوێندنگاکان لهبارهى بڕیارکەوە ههڵاویركرد بکرێن.

بەگوێرەی ڕێنماییەکان، ماوەی وانە خوێندن بۆ ٣٠ خولەک کەم دەکرێتەوە، هەروەها ژمارەی خوێندکاران لە پۆلێکدا کەمدەکرێنەوە بۆ ١٥ خوێندکار، ئەوەشخراوەتەڕوو هاوشان لەگەڵ ئەو ڕاسپاردانەدا دەبێت ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە وردی لە ناوەندەکانی خوێندا جێبەجێبکرێن، وەک پاراستنی مەودای خۆپارێزی لە نەخۆشییەکە لە نێوان خوێندکاران و مامۆستایان و ڕێگریکردن لە دروستبوونی جەنجاڵی لەناو خوێندنگاکاندا.
وەزارەتی پەروەردە جەختی لەوەش کردووەتەوە، پێویستە میکانزمێکی تایبەت بە خوێندنی ئەلیکترۆنی دیاری بکرێت و بەزووترین کات پایەکانی ئەو پڕۆژەیە پتەو بکرێن و لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە خوێندکاران و ماموستایان لەسەر ئەو جۆرە خوێندنە ڕابهێنرێن و لەهەمانکاتیشدا دەبێت ئەو بابەتانەی کە بەهۆی پەتاکەوە لە ساڵی خوێندنی ڕابردوودا نەخوێندراون، ئەمساڵ قەربوو بکرێنەوە.
هاوکات لە هەرێمی کوردستانیش چارەنوسی خوێندنی زیاتر لە دوو ملیۆن خوێندکار نادیارە و بەهۆی دابەش نەکردنی مووچەی مامۆستایانەوە پرۆسەکە بە ناڕوونی ماوەتەوە، لە کاتێکدا بڕیارە ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو ١ی کانوونی یەکەم پرۆسەی خوێندن دەستپێبکاتەوە.
لە کاتێکدا ڕۆژی ٢٧ی ئەیلولی ڕابردوو، یەکەم زەنگی نوێی خوێندن لە پارێزگای هەولێر لێدرا، بەڵام لە سنووری پارێزگای سلێمانی مامۆستایان بایکۆتی وانە وتنەوەیان کرد، ئەوەش لە بەرامبەر خەمساری حکومەت لە دابەش نەکردنی مووچەی مامۆستایان.

پاش نزیکەی مانگێک لە دوام کردن لە هەولێر و دهۆک، بڕیار درا کۆی پرۆسەی خوێندن بۆ ماوەی مانگێک لە هەرێم دوابخرێت، واتە تا سەرەتای مانگی داهاتوو، بەڵام پێناچێت بەمزووانە مامۆستایان بچنەوە هۆڵەکانی وانە گوتنەوە و بڕیاریانداوە ئەمساڵیش بایکۆتی پرۆسەکە بکەن.

دوێنێ لە شاری سلێمانی، ئەنجومەنی فشار داوای لە سەرجەم فەرمانبەران کرد لە مڕۆ یەکشەممەوە بایکۆتی دەوام بکەن، ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیش مانگی ڕابردوو هۆشداری دەستپێکردنی خۆپیشاندانی بەرفراوانی دابوو، هەروەها داوایکرد پرۆسەی خوێندن بەم دۆخەی ئێستا و بەشێوازی ئەلیکترۆنی ڕابگیرێت، بە پێویستیشیانزانی دایکان و باوکان و تەواوی کۆمەڵگە بەرامبەر ئەو بڕیارە نەشیاوە ناڕەزایەتی و هەڵوێست دەربڕن.
لە هەرێمی کوردستاندا شەش هەزار و ٤٧٤ خوێندنگا بوونیان هەیە، لەو ژمارەیە هەزار و ٩٤٤ خوێندنگا دوو دەوامیان تێدا دەکرێت و ٧٩ خوێندنگاش سێ دەوامیان تێدا دەکرێت، هاوکات ٥١ خوێندنگای سریانى و ١٨ خوێندنگای تورکمانیش بوونیان هەیە، هاوکات حکومەت لە ٢١١ خوێندنگە و باخچەی ساوایاندا کرێچییە.
هەروەها لە هەرێمی کوردستان ١٢٢ هەزار و ٣٧٠ مامۆستا هەیە، لەو ژمارەیەش ١٠٥یان بڕوانامهی دکتۆرا و ٧٨٨یشیا بڕوانامەی ماستهر و ٢٢٨ مامۆستاش بڕوانامەی دیبلۆمی باڵایان هەیە، لە بەرامبەریشدا ژمارەی خوێندکارانی ئامادەیی و بنەڕەتی بریتییە لە یەک ملیۆن و ٦٥٣ هەزار و ٣٨٦ خوێندکار.
ی. ک