سێشەممە, 26 ماي 2020 – 12:26 ڕۆژنیوز-ناوەندی هەواڵەکان
دوێنێ ئاژانسەکانی فەرمی ئەڵمانیا و بلومبێرگ، ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە پشتی بەستووە بە ڕاپۆرتێکی ٨٠ لاپەڕەیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر لیبیا.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، کۆتاییەکانی مانگی ٦ی ساڵی ٢٠١٩، کۆمیتەیەکی ٢٠ کەسی لەژێر ناوی “کارناسانی زانستی” لە چەندین وڵات لەوانە؛ ئوسترالیا، فەرەنسا، ماڵتا، ئەفریقای باشور، بەریتانیا و ئەمریکا، بە فڕۆکەیەکی بارهەڵگرەوە چوونەتە عەمانی پایتەختی ئەردەن، کە وا ڕاگەیەندرابوو ئامانجەکەیان، “لێکۆڵینەوەی گەورەی زەوی ناسیی” بووە لەسەر لیبیا، کە ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو ناوەی بە ڕووکەش ناوبردووە.
بەپێی راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم کەسانە، ئەندامانی کۆمپانیا ئەمنییەکانی ئەهلین و شوێنی مەبەستیان شاری بنغازی بووە لە ڕۆژهەڵاتی لیبیا، کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی خەلیفە حەفتەر دایە.
ڕاپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە ئامانجی ئەم کەسانە، کە بە ‘کارناسی زانستی’ ناویان هاتووە، بچڕاندنی ڕێگەی دەریایی ناردنی چەک لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بۆ حکومەتی هاوپەیمانی لە تەرابلوس بووە.
جێگای ئاماژەیە کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە چەندین ڕاپۆرتی خۆیدا ئاماژەی بە هەبوونی چەتەکان لە لیبیا و پێشلکردنی قەدەغەی ناردنی چەک بۆ لیبیا لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کردووە.
لە دوایین لێدوانیدا، ئەحمەد مسماری، وتەبێژی سوپای نیشتیمانیی لیبیا، ئاشکرایکرد سوپاکەیان، چەتەیەکی مەترسیداری داعشیان بەناوی ‘محەمەد ڕەویزانی’ ناسراو بە ئەبوبەکر ڕەویزانی کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە وەک ‘بەرپرسیاری سوپای شام’ نێڕدراوەتە لیبیا دەستگیرکردووە کە لەپاڵ چەتەکانی حکومەتی هاوپەیمانی شەڕی دژی لیبیای کردووە.
ش.ف