پسپۆڕێکی یاسایی ڕایدەگەیەنێت، پەرلەمانی عێراق مافی ئەوەی هەیە لێپرسینەوە لە سەرۆکی حکومەت و وەزیری سامانە سروشتییەکان بکات لە کاتێکدا، کە بەبێ ڕەزامەندیی و ئاگاداری بەغدا مامەڵە بە نەوت و سەرچاوە سروشتییەکانەوە دەکەن.
محەمەد ساعیدی بە کەناڵی بەغدای ڕاگەیاندووە، پەرلەمان مافی لێپرسینەوەی لە هەر دەسەڵاتێکی جێبەجێکاری سنووری دەوڵەتی عێراقدا هەیە بەسەرۆک وەزیرانی کوردستانیشەوە، ئەوەش بەپێی مادەی ٦١ی دەستووری عێراق و مادەی ٣٢ لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان.

ساعیدی وتیشی، هەرێم و هیچ قەوارەیەکی تر ناتوانێت لەسەر گرێبەستی تاک لایەنە هەڵسوکەوت بکات سەبارەت بە نەوت، دووپاتیشیکردەوە کە لە مادەی ١١١، ١١٢دا هاتووە کە تەنها حکومەتی فیدراڵ کۆنترۆڵی نەوت و هەموو سامانێکی دەرهێنانی بەدەستەوەیە.
هەر لەسەر ئەو ڕێککەوتنانەی کە حکومەتی هەرێم لەگەڵ دەوڵەتان ئەنجامیداوە، ئەو پسپۆڕە یاساییە بە پێویستی دەزانێت حکومەتی عێراق ڕێگای دیبلۆماسی بۆ ئەم پرسە بەکاربهێنێت و بە هەر دەوڵەتێک ڕابگەیەنێت، کە ڕێککەوتنی تاک لایەنەی لەگەڵ هەرێم کردووە، ناڕاستە و پێچەوانەی دەستوورن.
ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو زیاتر لە ١٠٠ پەرلەمانتار واژۆیان پێشکەشی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران کرد بۆ میوانداریکردنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری سامانە سروشتیەکانی هەرێم بکات کە تیایدا وەزیری نەوتی عێراق و بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ بەشداری تێدا بکەن سەبارەت بە ناڕوونی داهاتی نەوت و ڕێککەوتی ٥٠ ساڵەی هەرێم.
ی. ک