پۆلیسی تورک لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی پاکتاوی سیاسیدا لە ئیزمیر هەڵیکوتایە سەر ماڵان و ٩ ژنی دەستگیرکرد، لە شاری وان-یش هەڵیکوتایە سەر بارەگای هەدەپە.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی پاکتاوی سیاسیدا، پۆلیسی دەوڵەتی تورک ئەم بەیانییە لە ئیزمیر هەڵیکوتایە سەر چەندین ماڵی هاوڵاتییان و لەو هەڵکوتانەدا کەلوپەلی ناو ماڵی هاوڵاتییەکانیان تێکوپێکدا و دەستیان بەسەر ئامێرە دیجیتاڵییەکان و مۆبایل و کۆمپیوتەری ماڵەکاندا گرت.
هەروەها لەو هەڵکوتانەدا پۆلیسی تورک، بە پاساوی “ئەندامبوون لە ڕێکخستن و پڕوپاگەندە بۆ ڕێکخستن”بە گشتی ٩ ژنی دەستگیرکرد، بەپێی زانیارییەکانیش، بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر هەموو پەیوەندی و چاوپێکەوتن و بینین و سەردانی پارێزەرێک بۆ لایان قەدەغە کراوە.
لە لایەکی دیکەوە پۆلیسی دەوڵەتی تورک ئێوارەی دوێنێ هەڵیکوتایە سەر بارەگای هەدەپە لە شاری وان و لە نهۆمی چوارەم، کە بارەگای ئەنجوومەنی گەنجانی هەدەپەی تیادایە، دەستیان بە پشکنین کرد، پۆلیس دەستیان بەسەر هارد دیسکی کۆمپیوتەرەکان و کتێبەکاندا گرت و کێلون و کلیلی دەرگای بارەگاکەشیان گۆڕی.
ک.س