یەكشەممە, 7 يون 2020 – 16:36 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە، ئەگەر نرخی نەوت بەپێی مامەڵەکانی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو لە یاسای بودجەی ٢٠٢٠ی عێراق جێگیر بکرێت کە بە گشتی لە نێوان ٣٠ بۆ ٣٥ دۆلاردایە، ئەوا کۆی گشتی داهاتەکەی دەگاتە ٨٠ ملیار دۆلار، واتە ١٠٠ ترلیۆن دینار.
ساڵح، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەپشت بەستن بە داهاتی چەند مانگی ڕابردوو لەگەڵ نیوەی دووەمی ساڵەکە، دەکرێت نرخکی گونجاوی نەوت بۆ یاسای بودجە بدۆزرێتەوە.
بەپێی یاسای بودجە، پێشبینی دەکرێت لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا یاسای بودجە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەوانی عێراق بکرێت بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت و دواتر پەسەند بکرێت.
ڕۆژی ٣ی ئەم مانگە ئەنجومەنی نوێنەوانی عێراق دەنگیدا بە یاسایەک، کە تیایدا حکومەت ناچار دەکات یاسای بودجەی ٢٠٢٠ تا ڕۆژی ٣٠ی ئەم مانگە ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەوانی عێراق بکات.
ئەوەش لەکاتێکدایە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ نرخی نەوت لە بازارەکانی جیهان بەرزدەبێتەوەو ئەمڕۆش گەیشتە ٤٢ دۆلار و پێشبینی بەرزبوونەوەی زیاتریشی لێدەکرێت.
د.ع