شەممە, 29 فبر 2020 – 13:14 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
محەمەد عەلی ڕەمەزانی دەستەک، نوێنەری خەڵکی شاری ئاستانەی ئەشرەفیەی سەر بە پارێزگای گیلان لە باکوری ئێران بە هۆی توشبونی بە کۆڤید-١٩ بەیانی ئەمڕۆ گیانیلەدەستدا.
هاوکات ئەسەدوڵا عەباسی وتەبێژی لیژنەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی ئێران “پەرلەمان” لە بەرامبەر تەشەنەسەندنی زیاتری ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ هەواڵی داخستنی پەرلەمانی تا کاتێکی نادیار ڕاگەیاند.
بەرپرسانی ئێران داوایان لە خەڵک کردووە کە ئەم هەفتەیە زیاتر خۆیان بپارێزن و لەو چوارچێوەیەدا فەرزین ڕەزاعی سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کوردستان “سنە” ڕایگەیاندووە، ئەنجامی لێکدانەوەکان نیشاندەری ئەو بابەتەیە کە زۆرترین کەس لەم هەفتەیەدا تووشی کۆرۆنا دەبن و چالاکی ڤایرۆسەکە لەم هەفتەیەدا ڕوودەدات، داواشی لە خەڵکی پارێزگاکە کرد ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان بدەن بۆ لەبەرچاوگرتنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و چالاکییەکانیان جارێ ڕاگرن.
جێگرەوە بۆ سزای زیندانیکردن پەیڕەودەکرێت
لەلایەکیترەوە، ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی دەزگای دادی ئێران لە نامەیەکدا کە بۆ دادگاکانی سەرتاسەری وڵاتی ناردووە، دوایکردووە ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە زیندانەکان زیاتر بکرێت، هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی یاسای سزا و یاسای سزای ئیسلامی تا ئەو شوێنەی دەتوانن، جێگرەوە بۆ سزای زیندانیکردن دیاریبکەن و بەڕێوەبردنی سزا دوابخەن.
ڕەئیسی داواشیکردووە، ئەو کەسانەی کە بە بارمتە ئازادن جگە لە کاتی پێویست، لە ناساندنەوەیان بە زیندانەکان تا کۆتایی مانگی ٣ ببەخشرێن.
بەرهەمهێنانی کیتی تاقیکردنەوە بۆ کۆڤید-١٩
هاوکات سەرۆکی ناوەندی پەیوەندییە گشتییەکان و ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایگەیاند، لە بەرهەمهێنانی کیتی تاقیکردنەوە بۆ ڤایرۆسەکە نزیکبوونەتەوە.
کیانووش جەهان پوور سەرۆکی ناوەندی پەیوەندییە گشتییەکان و ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی لەمبارەوە لە هەژماری خۆی لە تویتەر ڕایگەیاندووە، کیتی “ئامێری” تاقیکردنەوە و دەرکەوتنی نەخۆشی کۆرۆنا بە هەوڵی هێزەکانی وەزارەتی بەرگری، پاش پشتڕاستبوونەوەی کۆتایی، بە زوویی و لە ماوەی هەفتەی داهاتوو، بەرهەمدێت و دێتە ناو سیستەمی تاقیکردنەوەکانی ئێرانەوە.
بەپێی دوایین ئاماری فەرمی قوربانیانی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ لە وڵاتی ئێران تا ئێستا ٣٥ کەس بە ڤایرۆسەکە گیانیانلەدەستداوەو ٣٨٨ کەسیش دووچاری ڤایرۆسەکە بوون، بەڵام میدیا جیهانییەکان باسیان لەوەکردووە، کە زیاتر لە ٢٠٠ کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لە ئێران گیانیان لەدەستداوە.
س.ح