پەرلەمانتارانی ئێران بە بەرزکردنەوەی سکاڵا دژی حکومەتی ئەو وڵاتە، داوایان لە دەزگای داد کرد، ڕێککەوتنەکەی دامەزراوەی ئەتۆمی لەگەڵ ئاژانسی جیهانی وزەی ئەتۆم هەڵبوەشێنێتەوە.
ئەمڕۆ نوێنەرانی پەرلەمان (ئەنجومەنی شورای ئیسلامی)ی ئێران، بە ٢٢١ دەنگی ئەرێ لە بەرامبەر شەش دەنگی نا و حەوت دەنگی بێلایەن، لەکۆی ٢٣٩ دەنگ، دەنگیان لەسەر پێشنیارێکی کۆمسیۆنی ئاسایسی پەرلەمان دا و دوایانکرد ڕێککەوتنی کاتی لەگەڵ ئاژانسی جیهانی وزەی ئەتۆم هەڵبوەشێنێتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەی کمیسیۆنی ئاسایشی پەرلەمانی ئێران هاتووە: ئەو ڕێککەوتنە پێشلکردنی ڕاشکاوانەی ‘یاسای هەنگاوی کردەوەیی بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان و بەرگری لە بەرژەوەندییەکانە”.
پەرلەمانتاران هەروەها بە بەرزکردنەوەی سکاڵا دژی حکومەتی حەسەن ڕۆحانی، داوایان لە دەزگای دادی وڵاتەکەیان کردووە کە ئەو رێککەوتنە هەڵبوەشێنێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، کە دوێنێ، ئاژانسی جیهانی وزەی ئەتۆم و دەسەڵاتی ئێران، بە شێوەی کاتی ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی چاودیرییە پێویستەکانی ئاژانس بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە بەردەوام بێت.
ب.ک