لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی عێراق داوا دەکات لێکۆڵینەوەی بەپەلە بکرێت لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی لە شارەدێی ئیسحاق لە باشووری تکریت.
هەفتەی ڕابردوو خەڵکی ناوچەکە گۆڕێکی بەکۆمەڵیان دۆزییەوە کە ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی حەشدی شەعبیدایە لە پارێزگای سەلاحەدین لە باکوری عێراق.
ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووش عەشائیرەکانی شارەدێی ئیسحاق ڕایانگەیاند، گۆڕێکی بەکۆمەڵیان دۆزیوەتەوە کە ڕووفاتی دەیان کەسی مەدەنی تێدایە، پێشتریش گۆڕێکی دیکە لە تەنیشت ئەو گۆڕە دۆزرابوویەوە.
بەڵام هەرزوو هێزە ئەمنیەکانی عێراق ناوچەکەیان بەڕووی هاوڵاتیانی ناوچەکەدا داخست و ڕێگەیان گرت هاتووچۆشی پێدا بکەن، لە کاتێکدا منداڵەکانیان لەم چەند ساڵەی دواییدا لەلایەن میلیشیا چەکدارەکانەوە ڕفێنراون کە لە چارەکی کۆتایی ساڵی ٢٠١٤وە لە شارۆچکەکەدا بوون لە کاتی شەڕەکاندا بۆ وەدەرنانی چەکدارە تیرۆریستەکانی داعش لەو پارێزگایە.
لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمان ڕایگەیاندووە، کوشتنی بەکۆمەڵ و خەڵکی بێتاوانی سڤیل لە شارۆچکەی ئیسحاق، پێشێلکارییەکی ڕاستەوخۆیە لە بنەماکانی مافی مرۆڤ کە لە دەستووری عێراقدا دەستەبەر کراوە.
داوای لە دەزگاکانی ئاسایش و لایەنی پەیوەندیدار کرد، کە لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە بۆ ئاشکراکردنی دۆخی ڕووداوەکە بکەن و بکەران و ئەو کەسانەی کە بەرپرسیارن لەو تاوانە قیزەوەنە، سزا بدرێن.
هەروەها داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش کردووە لە عیراق کە واز لە سیاسەتی جیاکاری بهێنێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکانی مرۆڤ و لە عیراق و بەدواداچوون بۆ دۆسیەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی میلیشیاکان بکات.
ی. ک