پاش ئەوەى ئێوارەى دوێنێ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە داوای دانیشتنى بەپەلەی ئەنجومەنی نوێنەرانیان کرد، سەرۆکایەتیی ئەنجومەن بڵاویکردەوە، ڕۆژى پێنجشەممە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجام دەدات بەبێ ئەوەى ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکە ئاشکرا بکرێت.
سەرۆکایەتى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەپێی بڕگەى یەکەم لە ماددەى ٥٨ ى دەستوورى عێراق و لەسەر داواى ژمارەیەک لە ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەران کاتژمێر ١١ى پێش نیوەڕۆى ڕۆژى کۆبوونەوەیەکى نائاسایی ئەنجام دەدەین.
لە ڕاگەیەندراوەکەى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقدا ئاماژە بەناوەڕۆکى کۆبوونەوەکە نەکراوە و تەوەرەکانى دانیشتنەکەش بڵاونەکراوەتەوە.
کۆبوونەوەى نائاسایی ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لەکاتێکدایە ئێوارەی دوێنێ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی حەیدەر عەبادی، سەرۆکی ئیتلافی نەسر کۆبوونەوە و داوای دانیشتنى بەپەلەی ئەنجومەنی پەرلەمانیان کرد ئەوەش بە مەبەستى ئەوەى هەرچی زووە پرسی دانانی جێگرەوەکانی نوێنەرە دەستلەکێشاوەکانی رەوتی سەدر یەکلابکرێتەوە.
هەروەها، ڕەعد دەهەلکی، ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لە هاوپەیمانی سەروەری دوێنێ ڕایگەیاند: ٥٠ پەرلەمانتار بە نووسراوی فەرمیی داوامان لەسەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە، کە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەى ىۆردوومانکردنی ناوچە سنوورییەکانی عێراق لەلایەن تورکیاوە ئەنجامبدات.
ئ.م