كەناڵی جەزیرە هەواڵی كوژرانی “شیرین ئەبو عاقلە” پەیامنێری كەناڵەكەی لە فەلەستین بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، كە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە كوژراوە.
بەیانی ئەمڕۆ، كوژرانی پەیامنێری بەناوبانگی جەزیرە لە كامپی جنینی فەلەستین، لە گرژی و پێكدانانی نێوان سوپای ئیسرائیل و دانیشتوانی كەمپەكەدا كوژرا.
بە گوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵ، لە کاتی رووماڵکردنی پێکدادان و بارگرژییەكان لە کەرتی جەنین لە بەرەی رۆژئاوا پەیامنێری کەناڵی ئەلجەزیرە “شیرین ئەبو عاقلە” بە گوللـەی هێزەکانی ئیسرائیل کوژرا.
هاوکات وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین بڵاویكردەوە، شیرین ئەبو عاقلە لە کاتی پێکدادانەکە لە جەنین کە بە مۆڵگەی گرووپە چەکدارەکانی فەڵەستین دادەنرێت لەو بەرەیە گولـلەیەک بەر سەری کەوت و کوژرا.
هەروەها، لەو پێکدادانە و لە کاتی ڕووماڵکردنی ڕووداوەکان عەلی سەموودی پەیامنێری رۆژنامەی “قوودس”یش بریندار بووە.
لەسەر كوژرانی پەیامنێرەكەی، كەناڵی جەزیرە هەواڵی كوژرانی پەیامنێرەكەی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، “شیرین ئەبو عاقلە” لە كامپی جنینی بەرەی ڕۆژئاوا لەیەن سوپای ئیسرائیلەوە كوژراوە.
شیرین ئەبو عاقلە لە ساڵی ١٩٧١ لە قودس لەدایکبووە، لە ڕامەڵا نیشتەجێ بوو، کۆلێژی ئەندازیاری بیناسازیی لە زانکۆی زانست و تەکنەلۆژیا لە ئوردن تەواوکردووە، دواتر چووەتە بەشی ڕۆژنامەوانی و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی یەرموک لە ئوردن بەدەستهێناوە.
دوای تەواوکردنی زانکۆ گەڕاوەتەوە فەڵەستین و لە رادیۆی دەنگی فەڵەستین، کەناڵی ئاسمانیی عەممان، دەزگای مفتاح و رادیۆی مۆنتیکارلۆ کاریکردووە، لە ساڵی ١٩٩٧ بووەتە کارمەندی کەناڵی جەزیرە و ماوەیەكی زۆرە پەیامنێری ئەو كەناڵەیە لە فەلەستین.
س.س