سێشەممە, 9 يون 2020 – 11:15 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
ئەمڕۆ غوڵامحسێن ئیسماعیلی وتەبێژی دەزگای دادی ئێران، ئاشکرایکرد؛ بەم زووانە کەسێک لەسێدارە دەدەن کە پەیوەندیی هەبووە بە کوژرانی قاسم سولەیمانییەوە.
ئیسماعیلی ڕایگەیاند: ئەو کەسە بە ڕەگەز ئێرانییە و بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل و ئاشکراکردنی شوێنی مانەوەی قاسم سولەیمانی دەستگیرکراوە و بەم زووانە لە سێدارە دەدرێت.
ئیسماعیلی هەروەها بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئەو کەسە لە بەرامبەر وەرگرتنی دۆلاری ئەمریکی، بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا لە بازنەکانی ئەمنیی و هێزە سەربازییەکان بە تایبەتی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و هەروەها شوێنی مانەوە و هاتوچۆی قاسم سولەیمانی، زانیاریی کۆکردووەتەوە.
بە وتەی ئیسماعیلی، ئەو کەسە ناوی ‘مەحمود موسەوی مەجد’ـە و لەلایەن وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران و ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستگیر کراوە، بەڵام ئاماژەی بە شوێن و کاتی دەستگیرکردنەکەی و هەروەها پیشەی ئەو کەسە نەکردووە.
هەرچەند کاربەدەستانی ئێران، لە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانییەوە، هیچ هەواڵێکی لەو چەشنەیان بڵاو نەکردووەتەوە و تەنانەت باسی هیچ دانیشتنێکی دادگاشیان لەو بابەتەدا نەکردووە، ئیسماعیلی ڕایگەیاندووە؛ لقی ١٩ی دادگای باڵای ئێران سزای لە سێدارەدانی ئەم کەسەی پشتڕاست کردووەتەوە و بەم زووانە لە سێدارە دەدرێت.
بەرەبەیانی ڕۆژی سێ مانگی ١ی ئەمساڵ، لە هێرشێكی موشەكی فرۆكە بێفڕۆکەوانەكانی ئەمریكا بۆ سەر دو ئۆتۆمبێل لە نزیك فرۆكەخانەی بەغدا، هەریەك لە قاسم سولەیمانی فەرماندەی گشتی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و هەشت كەسی دیكە كوژران، چوار لەو هەشت کەسە پلەداری سوپای پاسدارانی ئێران و چواری دیکەشیان عێراقی و ئەندامی حەشدی شەعبی بوون.
س.ح