ڕوانگەی عێراقی بۆ ئازادیە ڕۆژنامەوانیەکان کە سەر بە سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی عێراقییە، سەرسوڕمانی خۆی لە بڕیارەکەی دادگای هەولێر نیشاندا دژ بە ژمارەیەک چالاکوان و ڕۆژنامەنوسی بادینان کە لە خۆپیشاندانەکاندا بەشدار بوون و داوای باشتربوونی دۆخی ژیانیان دەکرد چەند مانگێک پێش ئێستا.
هادی جڵۆ مەرعی، سەرۆکی ڕوانگەکە دەڵێت: پێشتر زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسانی عێراقی وەک شوێنێکی ئارام سەردانی هەرێمیان دەکرد و شانازییان بەو ئازادییەوە دەکرد کە دەیبەخشییە ڕۆژنامەنوسان بۆ دەربڕینی بیروڕاکانیان.
باس لەوەشدەکات، سەرەڕای ناجێگیری دۆخی ئەمنی پارێزگاکانی تری عێراق و سنوردارکردنی ڕۆژنامەنووسان، بەڵام زۆرجار کەیسی ڕۆژنامەنووسان لە دادگاکاندا بە ئارامی جێگیر کراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیچ سزایەکی توند لە دژی ڕۆژنامەنووسان دانەنراوە وەک ئەوەی لەم دواییانەدا لە هەرێم بەدیکرا.
داوا لە حکومەتی هەرێم دەکات بەو بڕیارەدا بچێتەوە کە ڕۆژنامەنوسانی سەرکوت کردووە وێنەی هەرێمی بە شێوەیەکی سلبی نیشانی دەرەوە داوە.
سەبارەت بە کاردانەوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لەسەر سزادانی ڕۆژنامەنوسان لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، پرسی ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندن لە وڵاتانی ڕۆژئاوا تا ڕادەیەک پەیوەندی بە سروشتی حوکمڕانییەوە هەیە لەم وڵاتانەدا، کە بۆ دامەزراوە دیموکراسیەکان گرنگە چ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و چ لە ئەوروپا، بۆیە ئەوان لە پرسەکانی ئازادی ڕادەربڕین و چەمکە دیموکراسی و لیبراڵە هاوچەرخەکان و ئەو سزاو ڕێوشوێنە توندانەی کە بۆ رۆژنامەنووسان و رۆشنبیران و چالاکانی مەدەنی دەگیرێنەبەر، قبوڵ ناکەن.
ی. ک