لە بۆردوومانێکی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی سوریا لە شارۆچکەی ئەریحا لە ئیدلب پێنج کەس کوژران و ٢٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.
دوای تەقینەوەکەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە شاری دیمەشق و کوژرانی ١٣ کەس، فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی سوریا بۆردوومانی شارۆچکەی ئەریحایان کرد لە باشووری ئیدلب.
بەپێی ئەو ئامارە سەرەتاییانەی کە ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، لەو بۆردوومانەدا پێنج هاوڵاتی مەدەنیی کوژراوە و زیاتر لە ٢٠ کەسیش برینداربوون.
ڕوانگەی سوری ڕاشیگەیاندووە”برینی زۆرێک لەو بریندارانە سەختە و پێشبینی بەرزبوونەوەی ژمارەی گیانلەدەستدان دەکرێت”.
هاوکاتی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی سوریا، دوای وەستانی زیاتر لە هەفتەیەک لە بۆردوومانکردنی ناوچەکانی ئیدلب، ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیاش سێ جار بۆردوومانی چیای زاویە-یان کرد لە ئیدلب، لەبارەی زیانەکانیشەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەک پشتڕاست نەکراوەتەوە.
ب.ب