لە یانزەمین هەفتەدا، سەرهەڵدانی ژن ژیان ئازادی بەردەوامە و ئاهەنگێرانەكان بە بۆنەی دۆڕاندنی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران لە مۆندیال بووەتە دەرفەتێك بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی.
دوێنێ، لە بەشێكی زۆری ناوەندەكانی خوێندن لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، خوێندكاران بە شایی و هەڵپەڕكێ خۆشحاڵی خۆیان بۆ دۆڕاندی هەڵبژاردەی ئێران لە مۆندیال دەربڕی، بەوپێیەی پێیان وایە هەڵبژاردەكە نوێنەرایەتی دەسەڵاتی دەكرد، نەك خەڵك.
لەشاری بۆكان هەواڵی ئەوە بڵاوكرایەوە، گەنجێك بە ناوی ئاوات قادرپور یەكێك لەو خۆپیشاندەرانەی لە ماوەكانی ڕابردوو بە سەختی بریندار ببوو، پاش زیاتر لە هەفتەیەك مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

هەر لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و لە شاری سنە بۆ بەشداری لە مەراسیمی چلەی ڕامین فاتحی بانگەواز بڵاوكرایەوە، كە بڕیارە ئەمڕۆ لەسەر گۆڕەكەی بەڕێوە بچێت، فاتحی دوای دەستبەرسەركردنی لەلایەن هێزەكانی دەوڵەتەوە لە ژێر ئەشكەنجە گیانی لەدەستدابوو.
لەسەر ئاستی شارەكانی ئێرانیش ئاهەنگەكان بە بۆنەی دۆڕاندنی هەڵبژاردنەی ئەو وڵاتە، مانگرتنی پەرستاران، بەشێك لە كرێكاران و شۆفێری بارهەڵگرەكان بەردەوام بوو.
هاوكات بە مەبەستی ئامادەكاری بۆ بەرێوەچوونی ناڕەزایەتی سەرتاسەری لە هەفتەی داهاتوو بەشێوەیەكی بەربڵاو دەست بە بڵاوكردنەوەی بانگەواز كراوە.
بەپێی ئەو بانگەوازە داواكراوە، ڕۆژانی ٥، ٦ و ٧ی كانونی یەكەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی سەرتاسەری بەڕێوەبچێت.
ڕ.ڕ