لە ئەمڕۆوە هێزە ئەمنییەكانی عێراق ڕێکاری ئەمنیی تووندیان لە دەوروبەری ناوچەی سەوزی بەغدا گرتووەتەبەر بۆ دانیشتنی سبەینێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە تێیدا تاوتوێی دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی پەرلەمان و دیارییکردنی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان دەکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز، لە بەیانیی ئەمڕۆوە لە بەردەم بینای پەرلەمانی عێراقەوە كۆنكرێت دانراوە تاوەكو بەردەم وەزارەتی پلاندانان و دەرگای وەزارەتەكەش داخراوە، ئەگەریش هەیە هەمان ڕێكارەكان لەسەر پردی هەڵواسراویش بگیرێتەبەر، كە ڕێگای بەیەکەوەبەستنی هەردوو بەری کەرخ و ڕەسافەیە و دەچێتەوە سەر ناوچەی سەوز.
بڕیارە سبەینێ دوای گرژیی و ئاڵۆزییەکانی عێراق، دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامبدرێت، كارنامەی دانیشتنەکەش بریتیە لە دوو خاڵ؛ یەكەمیان دەنگدان لەسەر دەستلەكاركێشانەوەی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان و خاڵی دووەمیش پڕکردنەوەی پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆکی پەرلەمانە.
دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان لەکاتێکدایە، هەریەکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان، هاوپەیمانیی سەرەوەریی سوننەکان، بزووتنەوەی بایلۆن و پەرلەمانتارە سەربەخۆکان هاوپەیمانێتییەکی نوێیان بەناوی “ئیدارەی دەوڵەت” ڕاگەیاند، بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق لەلایەن محەمەد شیاع سوودانیی، کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگیی.
لە ئێستاشدا تشرینییەکان ئامادەکاریی دەکەن بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە ساڵیادی دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی تشرینی ٢٠١٩دا، پێشبینیش دەکرێت موقتەدا سەدر پشتیوانیی لەو خۆپیشاندانانە بکات و وەک چاودێران دەڵێن، “ڕەنگە سەدر ئەو خۆپیشاندانانە بقۆزێتەوە و دژایەتیی هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقی پێ بکات”.
ب.ل