سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، دەمانەوێت گەشتەکەمان بۆ مۆسکۆ ببێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ بەرزکردنەوە و بەهێزکردنی ئاستی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ڕووسیا، وتیشی: هەماهەنگی تاران و مۆسکۆ ڕێگریی لە تاکڕەویی دەکات لە جیهاندا.
بەیانی ئەمڕۆ ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران بەر لە بەڕێکەوتنی بەرەو مۆسکۆ، کۆنگرەکی ڕۆژنامەنووسیی ئەنجامدا و ڕایگەیاند: ئەم گەشتە لەسەر بانگهێشتی سەرۆکی بەڕێزی ڕووسیا دەکرێت و ئامانج لێی سەرخستنی دیپلۆماسیەتی دراوسێی و هەرێمییە.
وتیشی: ئێمە بەنیازین پەیوەندیی لەگەڵ هەموو دراوسێکان و بەتایبەتی ڕووسیا لەبوارە جۆراوجۆرەکانی سیاسیی و ئابووری و بازرگانییدا دروست بکەین و ئەم گەشتەش ببێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ بەرزکردنەوە و بەهێزکردنی ئاستی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕووسیادا.
ڕەئیسی ئاماژەی بە بەهێزبوونی هاوکارییەکانی تاران و مۆسکۆ کرد لە کۆڕبەندە سیاسی و ئابوورییە هەرێمییەکاندا و وتی: لە لوتکەی شەنگەهای هاوکارییەکی باشمان دەبێت لەگەڵ هەموو وڵاتان بەتایبەتی لەگەڵ ڕووسیا، ڕووسیا ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە یەکێتی ئەوراسیا و هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات دەتوانێت ببێتە هۆی هەنگاوی کاریگەر بۆ کەمکردنەوەی کێشە بازرگانی و ئابوورییەکان.
سەرۆکی ئێران جەختیشیکردەوە، کە هەبوونی بەرژەوەندیی هاوبەش و هەماهەنگیی لەنێوان تاران و مۆسکۆ لەناوچەکەدا “ئاسایش لە ناوچەکە بەرقەرا دەکات و ڕێگردەبێت لە تاکڕەویی لە جیهاندا”.
بڕیارە ئەمڕۆ ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران بە سەردانێکی فەرمیی بگاتە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا و میدیاکانی ئێرانیش بڵاویانکردووەتەوە، ڕەئیسی جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین-ی سەرۆکی ڕووسیا، کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەو ئێرانانەی کە لەڕووسیا نیشتەجێن و لەگەڵ چالاکوانانی ئابووری ڕووسیا دەبێت.
لە گەشتەیەکدا بۆ مۆسکۆ هەریەک لە وەزیرانی دەرەوە و نەوت و دارایی و ئابووریی یاوەری سەرۆکی ئێران دەکەن.
ب.ل