ڕێكخراوی مافی مرۆڤی كەمپینی چالاكوانانی بەلوچ لەگەڵ ئاشكراكردنی ناسنامەی قوربانیان، ڕایگەیاند، “ژمارەی كوژراوان و بریندارەكان بەرزبووەتەوە”.
دوێنێ لە ١٤یەمین ڕۆژی خۆپیشاندانەكان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان دژی كوژرانی ژینا ئەمینی لە شاری زاهیدانی ناوەندی پارێزگای سیستان و بەلوچستان، هێزەكانی ئێران كۆمەڵكوژییان ئەنجامدا، ڕێكخراوی مافی مرۆڤی كەمپینی چالاكوانانی بەلوچ-یش دەڵێت: ژمارەی كوژرا و بریندارەكان بەرزبووەتەوە.
ڕێكخراوەکە ڕایگەیاندووە، “ناوی ٤٢ كەسمان تۆمار كردووە، كە لە هێرشی هێزەكانی ئێران بۆ سەر خۆپیشاندەرانی دوێنێ لە زاهیدان كوژراون”.
هاوکات برینداربوونی ١٩٧ كەسی لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی ئێران پشتڕاستكردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، “لەو ژمارەیە ١٦٠ كەسیان بە فیشەكی ئاگریین و ئەوانەی دیکە بە فیشەكی ساچمەیی برینداربوون”.
خۆپیشاندانەكەی زاهیدان دوای ئەوە گرژی تێكەوت، كە ژمارەیەك لە خۆپیشاندەران بەرەو بنكەیەكی پۆلیس ڕۆیشتن، دروشمیان لە دژی دەستدرێژیی ئەفسەرێك بۆ سەر كچێكی مێرمنداڵ دەوتەوە و كوژرانی ژینا ئەمینیشیان شەرمەزار دەكرد، بەڵام هێزەكانی ئێران دەستڕێژی گولـلەیان لێكردن.
ڕ.ڕ