سەرۆک وەزیرانی عێراق دوپاتیدەکاتەوە تیرۆر بەردەوام عێراقیەکان دەکاتە ئامانج بەبێ جیاوازی و هەوڵ دەدات ئاستەنگ لەبەردەم هەڵبژاردنی داهاتوو دروست بکات.
مستەفا کازمی لە لێداوانێکدا ڕایگەیاند، تیرۆر بەردەوام عێراقیەکان دەکاتە ئامانج و لە هەوڵدایە ئاستەنگ بۆ بڕیار و کارەکانی حکومەت دروستبکات، لەو نێوەندەشدا دەیەوێت ئاستەنگ لەبەردەم هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی عێراق دروست بکات کە بڕیارە لە مانگی ١٠ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
هەر لەو چوارچێوەیەدا شانەی ڕاگەیاندنی جەنگی عێراق بڵاویکردەوە، ژمارەیەک چەتە لە هێرشێکی ئاسمانیدا لەسەر ڕێگەی سەرسار و سەلاحەدین کراونەتە ئامانج و ١٠ شوێن و مۆڵگەی چەتەکانیش لەناوبراوە.
شانەکە لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، فەرمانداری ئۆپەراسیۆنەکانی سەلاحەدین و دەوروبەری، بە مەبەستی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، دەستیان بە جێبەجێکردنی ئەرکی گەڕان و پاکردنەوەی ناوچەی عەیس کردووە و توانیویانە ١٠ حەشارگه و سێ ئۆتۆمبێل و بۆمبێکی چێنراو لەناوبەرن، لەگەڵ ئەوەشدا ١٠ چەتە لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا کوژراون.
ی. ک