سەرۆک وەزیرانی عێراق، بۆ دڵدانەوە و داوای لێبوردن کردن لێی، ئەو مێرد منداڵەی شاری بەغدای بانگهێشتی نوسینگەکەی کرد کە لەماوەی ڕابردوودا لەلایەن هێزەکانی پاراستنی یاساوە سوکایەتی پێکرابوو، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڤیدیۆکەی بڵاوکرایەوە.
نوسینگەی ڕۆژنامەنووسی، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕایگەیاند “سەرۆک وەزیرانی عێراق لە نوسینگەی تایبەتی خۆی بەمەبەستی داوای لێبوردن کردن لێی پێشوازی لە ‘حەدەس حامد سەعید’ ئەو مێرد منداڵەی شاری بەغدا کردووە کە لەلایەن هێزەکانی پاراستنی یاساوە، ڕووبەڕووی دەستدرێژییەکی نائەخلاقی و نایاسایی بوویەوە، هەروەها بەهۆی ئەو ڕووداوەوە مستەفا کازمی وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێنا و ئەو کەسانە دەستنیشان کرا کە بەو پێشێلکارییە هەستاوون و کۆتایی بە ڕاژەکانیان هێنرا و ڕووبەڕووی دادگا کرانەوە”.
ئەوەش دوای ئەوە دێت لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە گرتە ڤیدیۆییدا، کە لە میدیا عێراقییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، ‘حامد سەعید’ لایەن هێزەکانی پاراستنی یاساوە، سوکایەتی بە خۆی و بە دایکی دەکرێت، ئەمەش ناڕەزایی و کاردانەوەی فراوانی بەدوای خۆیداهێنا.
دوێنێش وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەو منداڵە بەپێی ماددەی ٤٤٦ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی تاوان لە بەغدا، لە (١٥ی ئایاری٢٠٢٠) بەتاوانی دزینی ماتۆڕسکیلێک ڕاگیراوە، ڕووداوەکەش ٢٠ ڕۆژ پێش دەستگیرکردنی ڕوویداوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، وتە لە کەسوکاری ئەو منداڵە وەرگیراوە و داوایان لەسەر ئەو کەسانە تۆمارکردوە کە ئەو کارەیان بەرامبەر بە منداڵەکەیان ئەنجامداوە.
هەروەها وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەوەشی ڕاگەیاندووە، مستەفا کازمی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بەهۆی کەمتەرخەمییەوە بڕیاریدا فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی یاسا بگوازرێتەوە و چاو بە هێزەکانی پاراستنی یاساشدا بخشێندرێتەوە.
ک.س