شەممە, 25 أبر 2020 – 10:58 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
سەرچاوەیەکی سیاسی بە سۆمەریەنیوزی ڕاگەیاندووە، سبەینێ مستەفا کازمی لیستی ناوی وەزیرە نوێیەکان پێشکەش دەکات، بەڵام تا ئێستا ناکۆکی لەسەر پێنج وەزارەت هەیە و هێشتا لایەنەکان ڕەزامەندییان لەسەر نیشان نەداوە.
سەرچاوەکە ئەوەی باسکردووە، کازمی شکستی هێناوە لە دیاریکردنی کەسانی سەربەخۆ لە کابینە وزارییەکەی بەتایبەت وەزارەتە ئەمنییەکان، لە بەرامبەریشدا کازمی چەند جارێک کاندیدی وەزارەتەکانی نەوت، پیشەسازی، کارەبا، دارایی و ناوخۆی ڕەتکردووەتەوە.
لایەنە سیاسییەکان بە کازمییان ڕاگەیاندووە، متمانە بە کابینەکەی نادەن ئەگەر بێت و لیستی ناوی وەزیرەکانی نەگۆڕێت، لەو چوارچێوەیەشدا سبەینێ لیستێکی نوێ ڕادەگەیەنێت.
تا ئێستاش ناکۆکی لەسەر کاندیدی هەریەک لە وەزارەتەکانی ناوخۆ، بەرگری، نەوت، کارەبا و دارایی لەنێوان لایەنەکان یەکلا نەبووەتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا مەرجی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق بۆ هێشتنەوەی فوئاد حسێن وەزیری دارایی لە پۆستەکەی ڕەتکراوەتەوە.
س.ح