لەلایەک چوارچێوەی هەماهەنگی شیعی دانەنانەوەی كازمیان كردووە بە مەرج بۆ پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن و لەلایەكی ترەوە سەدر هەڕەشەی كشانەوەی پشتیوانییەكانی لە كازمی كردووە ئەگەر بەومەرجە ڕازی بێت، بۆیە كازمی كەوتووەتە نێوان بەرداشی دوولایەنی دژبەیەكەوە و چارەنووسی نوێكردنەوەی پۆستەكەی بە نادیاریی ماوەتەوە.
لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، بەشێك لە لایەنە شیعییەكانی نزیك لە ئێران ئەنجامەكانیان ڕەتكردەوە و ڕایانگەیاند، دەستكاریی دەرئەنجامەكان كراوە و داوای ژماردنەوەی دەستی دەنگەكانیان كرد و بۆ فشاردروستكردن چوارچێوەی هەماهەنگی شیعییان دروستكرد.
لایەنگری ئەو لایەنانەی، كە ناڕازین لە دەرئەنجامی هەڵبژاردن خۆپیشاندانیان لە دەوروبەری ناوچەی سەوز ئەنجامدا و ڕۆژی هەینی پێنجی مانگ، دوای ئەنجامدانی نوێژی هەینی لایەنگرانی لایەنە ناڕازییەكان، خۆپیشاندانی بەرفراوانیان لە دەوروبەری ناوچەی سەوز ئەنجامدا و بەهۆی دروستبوونی گرژییەوە لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزەئەمنییەكان، سێ خۆپیشاندەر كوژران.
كوژرانی خۆپیشاندەران، ناڕەزایی سەركردەی هێزە ناڕزاییەكانی لێكەوتەوە و قەیس خەزعەلی، ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق هەڕەشەی تۆڵەكردنەوەی لە مستەفا كازمی كرد.
بەرەبەیانی ڕۆژی یەكشەمە، بە سێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشكرایە سەرماڵی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و سێ پاسەوانی برینداربوون، هێرشەكە ناڕەزایی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و حكومەت و لایەنەكانی ناچاركرد لەسەر مێزی گفتوگۆ كۆببنەوە.
شەوی دووشەممە، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران كۆتا كۆبوونەوەی لە ماڵی حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر لە بەغدا ئەنجامدا، لە كۆبوونەوەكەدا بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق و مستەفا كازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، فایەق زیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی عێراق و سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعی و قەیس خەزەلی، سکرتێری گشتیی لیواکانی حزبوڵا ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.
لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە بارودۆخی ئەمنیی و چۆنیەتی هێوربوونەوەی دۆخەكە و دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ کرا و ڕێككەوتن لەسەر دەستگیركردنی هێرشبەرانی سەر ماڵی سەرۆك وەزیران.
دوابەدوای ئەو كۆبونەوەیە، لایەنە ناڕازییەكان پەیام و فشارەكانیان بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی زیادیكردووە و یەكێك لەو پەیامانە ڕازیبوونە بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بە چەند مەرجێكەوە.
سەرچاوەیەکی حکومیی بە ڕۆژنیوزی وت: هێزە شكستخواردووەكان لە هەڵبژاردنەکاندا بە تایبەتی سەرکردەکانی فراکسیۆنە ئیسلامییەکان لە میانەی کۆبوونەوەکەدا، كە كازمی ئامادەیبووە بۆ قبوڵکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکان مەرجیان داناوە، کە یەکەمیان دانەنانەوەی كازمییە بە سەرۆك وەزیرانی عێراق.
هەروەها، حكومەتێكی تەوافقی سیاسی بە بەشداریی هەموو لایەنەكان دروستبكرێت، كە هاوسەنگی ئابووریی تێدا پارێزراوبێت.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بۆ ئەوەشکرد، موقتەدا سەدر، ڕابەری سەدر ناڕەزایی و بێ نیازی خۆی لەو مەرجانە دەربڕیوە و لەڕێگەی نێوەندگیرکارانەوە هەڕەشەی کشانەوەی پشتیوانی لە کازمی کردووە، ئەگەر ئەوەی ڕازی بێت بە مەرجەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی.
سەرچاوەکان دەڵێن، دۆخی سیاسی ناو ماڵی شیعی بەردەوامە لە بینینی جموجوڵ و پەیوەندی نێوان لایەنە کاریگەرەکان بە ڕێنماییەکانی ئێران.
س.س