دوابەداوی پـێکدادانەکانی دوێنێی شاری ناسریەی ناوەندی پارێزگای زیقار کە بەهۆیەوە چوار کەس کوژران و زیاتر لە ٧٠ کەسی دیکەش برینداربوون، مستەفا کازمی چەند بڕیارێکی دەرکرد و تیایدا بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکەی دوورخستەوە.
درەنگانێکی شەوی ڕابردوو، یەحیا ڕەسوڵ وتەبێژی سوپای عێراق ڕایگەیاند، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی سەبارەت بە ڕووداوەکانی دوێنێی ناسریە پێکهێناوە، هەروەها چەند بڕیارێکیشی لەوبارەیەوە دەکردووە.

ڕەسوڵ دەڵێت، لە بڕیارەکاندا بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای زیقاری دوورخستووەتەوە، هەروەها قەدەغەی هاتووچۆی ڕاگەیاندووە، مۆڵەتی هەڵگرتنی چەکیشی هەڵوەشاندووەتەوە، ئەوەش بۆ ڕێگرتن ئاڵۆزی زیاتر لە ناوچەکە.

هەروەها ئاماژەوەی بەوەشداوە کە مستەفا کازمی ئەوەی دووپاتکردووەتەوە کە هیچ شتێک نابێتەوە جێگرەوەی یاسا و سیستمی دادپەروەری لە وڵاتدا، پێچەوانەی ئەوەش وایکردووە خۆپیشاندانەکانی ناسریە خوێناوی ببن.
دوابەدوای بڕیارەکانی کازمی، وەزارەتی ناوخۆی عیراق، لیوای پۆلیس عەودە سالم عەبود وەک بەڕێوەبەری پۆلیسی زیقار واتە لەبری عەمید حازم وائیلی ڕاگەیاند.

دوێنێ بە سەدان کەس لە لایەنگرانی سەدر پەلاماری مانگرتووانی مەیدانی حەبوبییان دا لە شاری ناسریەو پێکدادانی قورس لەنێوانیاندا ڕوویدا، بەو هۆیەوەشەوە چوار کەس لە مانگرتووان کوژران و زیاتر لە ٧٠ کەس برینداربوون.

ی. ک