كەسوكاری شەهیدان لە شارۆچکەی پێنجوین لە گەڵ پیرۆزباییەکانی جەژنی ڕەمەزاندا، هێرشە داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک شەرمەزار دەکەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ لەشارۆچكەی پێنجوێن، كەسوكاری هەریەکە لە شەهیدان ئیقباڵ مورادی، زانیار مورادی، كەمالە خڕە، و کۆچکردوو هەڤاڵ چنور سەردانی مەزاری شەهیدەکانیان کرد و ئیدانەی داگیركارییەكانی دەوڵەتی توركیان كرد بۆسەر خاكی كوردستان.
ئامینە مەحمود، هاوژینی شەهید ئیقباڵ مورادی و دایكی شەهید زانیار مورادی لە وتەیەکدا ڕایگەیاند: بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە ئەمڕۆ هاتوینەتە سەر گۆڕی شەهیدان، سەری ڕێزو نەوازش بۆ تەواوی شەهیدانی هەر چوار پارچەی كوردستان دادەنەوێین، جەژن لەهەموو گەلی كورد و ڕێبەر ئاپۆ و هاڤاڵانی سەر چیا پیرۆز دەكەین.
باسی لەوەشکرد: تەواوی ئەو داگیركارییانەی دەوڵەتی تورك بۆسەر خاكی كوردستان ئەنجامی دەدات شەرمەزارو ڕسوا دەكەین، داواكاریمان لەحیزب و لایەنە سیاسیەكان ئەوەیە خوێنی شەهیدەكانمان بەفیڕۆ نەڕوات، ئەوە چەندین سەدەیە گەلی كورد خەبات دەكات بۆ ئازادی خاك و نیشتیمان.
ئەو داواشی کرد کە وازبێنن لەنۆكەری بێگانە و بەهیچ جۆرێك ڕێگە نەدەن داگیرکەران بێنە ناو خاكی كوردستانەوە و وتیشی: دەوڵەتی تورك بەبیانوویی بوونی گەریلاکانی پەكەكەوە، دەیەوێت خاكی كوردستان داگیربكات، تەنها گەریلای ئازادی كوردستانیش بەرگری دەكات.
ها-غ