بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمیر ٣ی پاشنیوەڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر پرۆژە یاسای بودجە کۆببێتەوە، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانیش دەڵێت، ئەو کورتهێنانەی لە پرۆژەکەدا هەیە پێچەوانەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی ساڵی ٢٠١٩یە.
ئەحمەد سەفار لە چاوپێکەوتنێکدا بە ڕۆژنامەی سەباح-ی ڕاگەیاندووە، کورتهێنانی بودجە دەگاتە ٧١ ترلیۆن دینار کە نزیکەی ٢٢٪ی لە داهاتی ناوخۆ پێکدێت، ئەوەش پێچەوانەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠١٩ بڕگەی چوارە، کە دەڵێت “کورتهێنانی بودجەی پلاندانان نابێت ٣٪ی داهاتی ناوخۆ تێپەڕێنێت.
سەفار جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەو کورتهێنانەی لە بودجەکە دەرکەوتووە زۆر نا عەقڵانییە، نە لە ڕووی ئابوری و نە لە ڕووی داراییەوە گونجاوە، هەروەها پێچەوانەی سیاسەتی دارایی حکومەتە کە لە کاغەزی سپی-دا گوزارشتی لێ کراوە کە بریتییە لە زیادکردنی داهاتەکان.
ئەوەشی زیادکردووە کە داهاتی نەوت لە عێراق دەگاتە زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار، هەروەها حکومەتیش لە ڕێی چەند وەزارەتێکەوە لە هەوڵی ززیادکردنی داهاتی گشتییەوەیە.
ی. ک