بەهۆی گلدانەوەی ئاوی هەردوو ڕووباری زێی بچووک و سیروانەوە، هۆشداری لە سەرهەڵدانی کارەساتی مرۆیی و ژینگەیی دەدرێت لە عێراق، پەرلەمان داوا لە حکومەت و وەزارەتی دەرەوە دەکات هەنگاوەکانیان خێرا بکەن بۆ بەردانەوەی ئاوی ئەو دوو ڕووبارە کە لەلایەن ئێرانەوە گیراونەتەوە و ملیۆنان دۆنم زەوی کشتووکاڵییان بەسەرەوەیە.
نزیکەی هەفتەیەکە، ئێران ئاوی هەردوو ڕوباری زێی بچوک و سیروانی گرتووەتەوە، بەپێی داتاکانی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراقیش، لە ڕووبارى سیروان رێژەی گرتنەوەی ئاوەکە زیاترە و لەنێوان چوار بۆ حەوت مەتر سێجادایە لە چرکەیەکدا، هەروەها لە ڕووبارى زێی بچوکیش دوو مەتر سێجایە لە چرکەیەکدا، ئەوەش بە نزیکەیی واتە بڕینى تەواوى ئاوەکە.
لە بەرامبەردا لیژنەی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوا لە حکومەت دەکات هەنگاوەکانی خێرا بکات بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامبوونی ئاو لە ئێران و داواکاریشە، حکومەت کار بۆ پاراستنی بەشە ئاوی عێراق بکات لە سوریا و تورکیاشەوە.
مەنسور بعێجی ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هۆشداری لە قەیرانی کەمبونەوەی ئاوی داوە لە عێراق و دەڵێت، وڵاتانی دراوسێ شەڕی ئاو لەگەڵ عێراقدا دەکەن، ئەو هەنگاوەش بەشێوەیەکی نائاسایی و پێشوەختە زیان بە زەوی و زارو کشتوکاڵی عێراق دەگەیەنێت بەشێوەیەکی گەورە.
دەشڵێت، دەستبردن بۆ پشکی ئاوی عێراق لەلایەن دراوسێکانەوە، هەنگاوێکی مەترسیدارە و کارەسات بەدوای خۆیدا دەهێنێت ئەگەر بێت و ئەو کارە بەردەوام بێت کە ناکرێت بێدەنگی لێبکرێت، لە کاتێکدا بەرژەوەندی گشتی خستووەتە مەترسییەوە.
بعێجی داواشیکردووە حکومەت هەنگاوی خێرا بنێت و فشار درووستبکات بۆ کۆتاییهێنان بەو سیاسەتانەی بەرامبەر عێراق دەکرێن، چونکە وڵات بەرگەی دۆخێکی دیکەی قەیراناوی ناگرێت.
لای خۆیەوە سەلام شەممەری ئەندامی لیژنە پەرلەمانیەکە لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراقی لە مەترسی و زیانەکانی گلدانەوەی ئاوی زێی بچووک و سیروان ئاگادارکردووەتەوە لەلایەن ئێرانەوە.
شەممەری دەڵێت، زیانەکە بە پلەی یەکەم بەر پاریزگای دیالە دەکەوێت و بە تایبەت ڕووباری دیالە کە لە ڕووباری سیروان و چەند چەمێکی دیکە پێکهاتووە و ملیۆنان دۆنم زەوی کشتوکاڵی بەسەرەوەیە، هەربۆیە داوا لە حکومەت دەکات پشکی ئاوی عێراق دەستەبەر بکات و لە هۆکاری گرتنەوەی ئاوەکەش لەلایەن ئێرانەوە بکۆڵێتەوە.
سەرەتای ئەم هەفتەیە، وەزارەتى سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ڕایگەیاند، ماوە چوار ڕۆژە ئێران بەردانەوەى ئاوى هەردوو ڕووبارى سیروان و زێی بچوکی کەمکردۆتەوە، داواشی لە وەزارەتی دەرەوە کرد، رێکاری پێویست لەو بارەوە بگرێتەبەر، چونکە کەمبوونەوەى ئاستى ئاوی ئەو دوو ڕووبارە، زیانى گەورەى بە عێراق گەیاندووە، بەتایبەتى لەلاى روبارى دیالە، کە پارێزگاى دیالە بەتەواوى پشتى پێدەبەستێت، هەروەها ئاستى ئاوى بەنداوی دوکان، کە پرۆژەى ئاوى کەرکوک پشتى پێدەبەستێت کەمبووەتەوە.
ی. ک