هەینی, 24 أبر 2020 – 09:39 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
گیراوێکی سیاسی دوای ٢٩٧ ڕۆژ مانگرتن لەخواردن، لە گرتووخانەی شاکران لە ئزمیر گیانی لەدەستدا.
موستەفا کۆچکا ساڵی ٢٠١٧ بە بانگەشەی ئەوەی دەستی لە کوشتنی داواکارێکی گشتیی دەوڵەتی تورک هەبووە و لەسەر شاهیدی نهێنی کەسێک (کە ڕوون نییە کەس هەبووبێت و ئەگەر هەیە هیچ شاهیدێک نەبووبێت)، سزای زیندانی هەتاهەتایی قورسی بەسەردا سەپاوە و لەو ماوەیەدا لە ژووری تاکەکەسی ڕاگیراوە.
کۆچکا لەسەر ئەو سزایە و دژی ئەوەی بە شێوەیەکی نادەداپەروەرانە دادگایی کراوە و بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بە شێوەی دادپەروەرانە دادگایی بکرێت، دەستی دابووە مانگرتن لە خواردن و بەهۆی ئەوەی ئاوڕێک لە داواکەی نەدرابووەوە، لە ڕۆژی ٩٠ـەمی مانگرتنەکەیدا مانگرتنەکەی دەگوڕێت بە مانگرتنی لەخواردن تا مردن.
موستەفا کۆچکا سێ ڕۆژ لەمەوبەر لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە قسەی لەگەڵ خۆشکێکی کردووە و لە کاتی پەیوەندییە تەلەفۆنییکەدا دەنگی نەماوە، ئەمە کۆتا پەیوەندیی موستەفا لەگەڵ خانەوادەکەی بووە.
بیرۆی حقوقیی گەل کە پارێزەریی ئەو گیراوە سیاسییەی لە ئەستۆ بووە، بە ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە، لەسەر تویتەرەکەی نوویسیویەتی: “بزانن کە دەوڵەت بۆ ئەوەی کە شاهیدێک گوێ لە دادگا نەگرێت، ئەوی کوشت، ئێمە بە بیرهێنانەوەی، بەژنی خۆمان لە بەرامبەری نەوی دەکەین”.
س.ح