دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران ڕایگەیاند، یەختێک لە کەناراوەکانی شاری ئیزمیری تورکیا بە ٤٨ کۆچبەرەوە ژێرئاوکەوتووە و تەرمی کۆچبەرێکیش دۆزراوەتەوە.
ئەمشەو دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا دەڵێت:”بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢٣ی ئەیلول لە شاری ئیزمیر لە تورکیا، یەختێک بە ٤٨ کۆچبەرەوە ژێرئاو کەوتووە”.
ڕوونیشیکردووەتەوە:”دوای ئاگادارکردنەوەی پۆلیسی کەناراوەکان، توانییان ٤٦ کۆچبەر ڕزگاربکەن، هەروەها تەرمی کۆچبەرێکیان دۆزیوەتەوە و کۆچبەرێکیش لەهەمان یەخت بێ سەروشوێنە و تا ئێستاش گەڕان بەدوایدا بەردەوامە”.
لەبارەی ناسنامەی کۆچبەرەکانیشەوە، دەزگای لوتکە ڕایگەیاندووە، کە تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر نەتەوەی کۆچبەرەکان نییە و لێکۆڵینەوە لەگەڵ کۆچبەرە ڕزگاربووەکاندا دەستیپێکردوە.
ب.ل