ئەندامێكی فراكسیۆنی پەدەكە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، كۆبونەوەی شاندی پەدەكە لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیدا هیچ ئەنجامێكی نەبووە و بێئاگایی خۆی لە ئەجێندای كۆبوونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی نوێنەران، نیشاندا.
دوای دەست لەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی سەدر و كشانەوەی ئەو ڕەوتە لە پەرلەمان و ململانێی پێكهێنانی حكومەت، هاوپەیمانی سێقۆڵی “سەدر و بارزانی و سونەكان” كۆتاییهات، ڕۆژی ٢٠ی ئەم مانگە، لەسەر داوای سەرۆكی پەدەكە شاندێكی ئەو حزبە خۆی گەیاندە بەغدا، بۆئەوەی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیدا دەست بە دانوستان بكات بۆ پێكهێنانی حكومەت.
دوێنێ شاندی پەدەكە لە بەغدا، لەماڵی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیدا كۆبوونەوە، بەڵام بەوتەی ماجد شەنگالی، پەرلەمانتاری پەدەكە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبونەوەكە هیچ بەرهەمێكی نەبووە.
ماجد شەنگالی بە ماڵپەڕی عێراقییە ئەخبارییەی ڕاگەیاند، كە كشانەوەی كوتلەی سەدری لە دەسەڵاتی یاسادانان وایكرد، پارتی و هاوپەیمانیی سیادە، بە دیدێكی واقیعیانە بجوڵێنەوە، ئەمەش وایكرد پارتی شاندێك پێكبهێنێت بۆ دانوستان بە سەرۆكایەتی فواد حسێن، و ئەندامێتی هەریەك لە بەنگین رێكانی و شاخەوان عەبدوڵا، بۆ دۆزینەوەی میكانیزمێك بۆ پێكهێنانی حكومەت.
لەبارەی كۆبونەوەی حزبەكەی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی سەروەری لە ماڵی سەرۆكی پەرلەمان وتی: تا ئێستا هیچ بەرهەمێكی نەبووە، كارنامەی كۆبوونەوەی پێنجشەممەی داهاتووی پەرلەمان تاوتوێ كرا، بەڵام هۆكاری بەڕێوەچوونی دانیشتنەكە هێشتا ڕوون نییە.
س.س