مانگرتنی بەربڵاوی کرێکاران لە دەیان کارگەی کەرتی نەوت و پیشەسازیی هەروەها وێستگەکانی کارەبای ئێران پێی ناوەتە ڕۆژی نۆیەم، داوای دابینکردنی مافەکانیان دەکەن.
ماوەی نۆ ڕۆژە کرێکارانی ئێران دەستیان بە مانگرتن کردووە.
بەهۆی مانگرتنەکانەوە کۆمپانیایەکی بەڵێندەرایەتی لە پاڵاوگەی بیدخوون بەتەواوی داخراوە، کۆمپانیەیەکی دیکەش لە کۆی هەشتا کرێکاری تەنیا ١٢کرێکار چوونەتە سەر کارەکانیان.
لە پاڵاوگەی بیدبولەند کرێکارانی خۆجێی گردبوونەوەی ناڕەزایەتیان ئەنجام داوە.
بەڕێوەبەرانی پاڵاوگەکان لە ڕێگەی کۆمپانیا بەڵێندەرایەتییەکانەوە لە هەوڵدان تا کرێکاران قایل بکەن بەوەی بگەڕێنەوە سەر
کارەکانیان، بەتایبەت هەوڵێکی چڕ لەئارادایە بۆ ئەوەی کۆتایی بە مانگرتنی کرێکارانی پێترۆکیمیاوی بهێندرێت.
کرێکارانی مانگرتوو تا ئێستا ڕەتیان کردووەتەوە کە دەست لە مانگرتنەکەیان بەردەن.
کرێکارانی چەند کۆمپانیایەکی دیکە لە ئەسفەهان لە ڕۆژی پێنجشەممەوە بەشداریی مانگرتنەکان بوون.
مانگرتنی کرێکارانی کارگەی ئۆتۆمبێل دروستکردنی هێپکۆ لە ئەراک حەوت ڕۆژە بەردەوامە، زیاتر لە ساڵێکە زۆربەی بەشەکانی ئەو کارگەیە داخراوە، بەوهۆیەوە کرێکارەکان دەستخەڕۆکراون.
لەلایەکی دیکەوە مانگرتنی کرێکارانی حەفت تەپەی ئەحواز ئەمرۆ وەک ڕۆژانی ڕابردوو بەردەوام بوو، ئیمام جومعەی ئەحواز لەگەڵ ژمارەیەک بەسیجی ٥٥ ڕۆژ دوای مانگرتنەکان بۆ خۆ نواندن چوونە شوێنی گردبوونەوەی کرێکاران، بەڵام دوای ئەوەی ڕووبەڕووی کاردانەوەی کرێکاران بوونەوە، شوێنەکەیان بەجێ هێشت.
د.ع