ئێران گەورەترین فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکای خستە خوارەوە

سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاندووە دوای ئەوەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکا هاتووەتە سەر خاکی وڵاتەکەی خستویانەتە خوارەوە، ئەمریکاش ڕەتی دەکاتەوە.


ئەمڕۆ ڕاگەیاندنی سوپای پاسدارانی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، کە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکییان خستووەتە خوارەوە، لەبەر ئەوەی هاتووەتە سەر خاکی ئێران لە نزیک گەروی هورموز.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکە لەباکوری گەروی هورموز و لە بەرامبەر شاخی موبارەک لە پارێزگای هوموزگان خراوەتە خوارەوە.

لە بەرامبەردا ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست- سنتکام، هەواڵەکەی سوپای پاسدارانی ئێران ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت: لەوکاتەدا هیچ فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکا بەسەر ئاسمانی ئێراندا نەفڕیوە. 

بەپێی زانیاریی ئاژانسە جیهانییەکان، ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانە لەجۆری "گوبال هاوک"ـە و یەکێک لە گەورەترین فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکەانی جیهانە، کە توانای فڕینی لە بەرزاییەکی زۆر هەیە و دەتوانێت بە یەکجاریی وڵاتێک بخاتە ژێر چاودێرییەوە.

جێگەی باسە بەهۆی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران،  ئەمریکا گروپێک لە فڕۆکەکانی F-15 جۆری 'هەڵۆ'ی ئەمریکا ناردووە بۆ فڕۆکەخانەی سەربازیی زەفرە لە وڵاتی ئیمارات، کە ئامانجیان پێشگرتن دەبێت لە هەڕەشەکانی ئێران، هەروەها لەم هەفتەیادا دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی ناردنی هەزار سەربازی نوێی بۆ کەنداو دەرکرد.

د.ع