ئەمریکا: ئامادەی ڕێککەوتنێکی نوێ و باشترین لەگەڵ ئێران

برایان هۆک، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە کاروباری ئێران، ڕایگەیاندووە: ئەو فشارانەی دەخرێتە سەر ئێران بۆ گەڕانەوەیە بۆ میزی دانوستان و ئەگەر ئێران بیەوێت، ئەمریکا ئامادەیە لە چوارچێوەی پەیمانێکی نوێ کە کۆنگرێس پەسەندی بکات ڕێککەوتنێکی باشتر لەگەڵ ئێران بکات.


شەوی ڕابردوو برایان هۆک لەگەڵ تەلەفزیۆنێکی ئەمریکی لەسەر لابردنی لێخۆشبوونی وڵاتەکەی لەسەر هەندێک وڵات بۆ بازرگانی لەگەڵ ئێران قسەیکردووە و ئامانجی ئەمریکای ڕوونکردووەتەوە.

هۆک وتی: ئامانجی ئێمە لەم بڕیارە ئەوەیە، کە چیتر ئێران نەتوانێت ئەو داهاتەی لە فرۆشتنی نەوت دەستی دەکەوێت، بۆ پشتیوانی لە سیاسەتی دەرەوەی لە شەڕە بەوەکالەتەکان و دەستدرێژییەکانی بە گەشەپێدانی بەرنامەی مووشەکی، سودی لێببینێت.

هەروەها ئاماژەی بەوە داوە، کە وڵاتەکەی لە مانگەکانی ڕابردوو، زیاتر لە ١٠ ملیار دۆلار لە داهاتەکانی ئێرانی کەمکردووەتەوە و ڕاشیگەیاند: ئێستا بڕیارمان داوە کە چیتر لە هیچ وڵاتێک خۆش نەبین بۆ کڕین نەوت لە ئێران، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئێران، کە بیەوێت وەک وڵاتێکی ئاسایی ڕەفتار بکات، یان کردەوەکەنی بەردەوام بکات و داڕمانی ئابورییەکەی بەچاوی خۆی ببینێت.

هۆک فشارەکانی ساڵی ڕابردووی وڵاتەکەی لەسەر ئێران بە سەرکەوتوو دەزانێت و، دەڵێت: بۆ نمونە حیزبوڵا بەهۆی سنوورداربوونی سەرچاوە ماددییەکانی ئێران پارەیەکی کەمتری لە تاران وەرگرتووە، بە شێوازێک حەسەن نەسرۆڵا ڕێبەری ئەم گروپە لەوتارێکی گشتی خۆیدا داوای کۆمەک و بەخشینی لە پشتیوانەکانی کردووە، ٧٠٪ی بودجەی حیزبەڵا لەلایەن ئێرانەوە دابین دەکرێت، ئێستا زۆربەی گروپەکەنی گرێدراوی ئێران لە عێراق و سوریا لە دابەزینی داهاتەکانی تووشی گرفتبوون.

برایان هۆک نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە کاروباری ئێران، ئاماژەی بە داواکارییەکانی ئەمریکا کردووە و دەڵێت: ساڵێک لەمەوبەر وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ١٢ خاڵی دەستنیشان کردووە بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران کە زۆر بەجێن، هەوڵدەدەین هاوبەندییەکی جیهانی پێکبێنین کە داوا لە ئێران دەکات لەجێی دەوڵەتێکی شۆڕشی، وەک دەوڵەتێکی ئاسایی ڕەفتار بکات، ئەگەر دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ مێزی دانوستان، شتێکی باشە، ئێمەش دەمانەوێت بگەینە ڕێککەوتنێکی نوێ و باشتر لەجێی ڕێککەوتنی ئەتۆمی 'بەرجام'.

لەسەر ئەو ڕێککەوتنەی بەرنامەیان بۆ داناوە، هۆک دەڵێت: پێویستە ڕێککەوتنێک بکەین کە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بگرێتەوە، بەرنامە مووشەکییەکانی کۆنترۆڵ بکات و دەستگیرکردنی دەرەوەی یاسایی ئەمریکییەکان کۆتایی پێیبێت، هیوادارین ئەم ڕێککەوتنە نوێیە لە چوارچێوەی پەیمانێک لە گۆنگرێس پەسەند بکرێت.

نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە کاروباری ئێران، لە وەڵامی پرسیارێک لەسەر کاردانەوەی سەربازیی ئێران، جەختی لەوە کردووەتەوە:"پێشتر هۆشداریی پێیدراوە، کە ئەگەر زیانێک بگەینێت و نیازی هێرشی بێت، دەبێ چاوەڕێی باجێکی قورس بێت".

س.ح