بانگەوازییەک لە هەدەپەوە

هەدەپە ڕایگەیاند، هاوپەیمانیی ئاکەپە – مەهەپە دەستی بەسەر ئیرادەی گەلدا گرتووە، ڕاشیگەیاند "ئەوە تەنها کێشەی هەدەپە و گەلی کورد نییە، کێشەی هاوبەشی هێزە دیموکراتییەکان و گەلانی تورکیایە، بێدەنگ نەبن، بێدەنگی قبوڵکردنە"، هەروەها داوای هەڵوێست لە هەمووان دەکات.


دەربارەی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیی گەورە شارەکانی ئامەد، وان و مێردین، کەمێک لەمەوبەر دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندیی پارتی دیموکراتیکی گەلان- هەدەپە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی هەدەپە بەم شێوەیەیە:

هاوسەرۆکانی شارەوانییەکانمان کە لە ئامەد بە ڕێژەی ٦٣%، لە مێردین بە ڕێژەی ٥٦% و لە وان-یش بە ڕێژەی ٥٣%ی دەنگەکان هەڵبژێردران، بەڵام بە فەرمانی درۆ و پاساوە نایاسایی و بێ مافییەکانی وەزارەتی ناوخۆ لە ئەرکەکانیان دوورخرانەوە. لە دژی ئەندامەکانمان لە ئەنجومەنی شارەوانییەکان و کارمەندانی شارەوانییەکان ئۆپەراسیۆنێکی قورس و چڕی دەستگیرکردن بەڕێوەدەچێت.

ئەمە کودەتایەکی نوێی سیاسییە. هاوکات هەڵوێستێکی دوژمنانەیە لە دژی ئیرادەی سیاسیی گەلی کورد. وەزارەتی ناوخۆ ناوەندی کودەتاکەیە، پەلەپیتکەکێشی کردەوە و بڕیارەکانی دژ  بە دیموکراسییە و ناوەندی چەواشەکاریی و زەوتکردنی ئازادی و مافەکانە.

لە سەردەمی قەیومەکاندا لەو سێ شارەوانییەی ئەو گەورە شارانەدا هەموو سەرچاوەکانی شارەوانییەکان هەڵچۆڕان و هەڵلوشران و وێرانەیەکیان لە دوای خۆیان بەجێهێشت. وەکو لە ڕاپۆرتی دیوانی ژمێرکاریدا هاتووە، وەزارەتی ناوخۆ و دەسەڵات لە ڕێگەی قەیومەکانەوە بونەتە ناوەندی گەندەڵکاری و بەرتیلخۆری.

ئەو دەسەڵاتە و وەزارەتی ناوخۆ بەرگەی ئەوەیان نەگرت، کە گەندەڵیەکانی سەردەمی قەیومەکان و گەندەڵکاریی قەیومەکانیان لە دژی سەرچاوەکانی گەل ئاشکرا ببن.

هێندەی نوکە دەرزییەک ئەو دەسەڵاتە ڕەوایەتیی دیموکراتیکی نەماوە. ئێستا لە ڕێگەی زەوتکردنی ئیرادەی گەلەوە ئەوەی لە سەندوقەکان بەدەستیان نەهێنا، دەیانەوێت بە فێل و تەڵەکە و توندوتیژییەکانی دەوڵەت بەدەستیبهێنن و ئەوەش بووەتە شتێکی ئاسایی هاوپەیمانیی ئاکەپە – مەهەپە.

گەلەکەمان هەرگیز ئەو شتانە قبوڵ ناکات. وەکو پێشتر خاوەنداری لە ئیرادە، نوێنەرە هەڵبژارێدراوەکانیان و حزبەکەیان دەکەن.

لەبەرانبەر ئەو دەسەڵاتەدا، کە ئیرادەی گەل زەوت دەکات، ئیرادەی سەندوقی هەڵبژاردن قبوڵ ناکات، بانگەوازیی پشتگیری بۆ هەموو هێزە دیموکراسییەکان، هاوڵاتییە خاوەن ویژدانەکانمان، حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان، دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، یەکێتییەکان و سەندیکا و پیشەییەکان و کۆمەڵە دیموکراتییەکان دەکەین.

لە بەرانبەر ئەو دەسەڵاتەدا بەکارهێنانی ڕێگە دیموکراتیک و رەوا و دیموکراتیک، مافە دەستوورییەکان و مافی نێونەتەوەییەکان هەیە. بە تێکۆشانی هاوبەش و بڕیاری هێزە دیموکراسییەکان، دەتوانین دیموکراسی دەستەبەر بکەین.

بانگەوازمان بۆ هەموو ئەو کەسانە، کە لە ٣١ی ئازاردا دەنگیان داوە و بۆ ڕووخاندنی هاوپەیمانیەتیی ئاکەپە – مەهەپە و کاریان کردووە بۆ سەرکەوتنی دیموکراسی ئەوەیە، کە ئەمە بە تەنها کێشەی هەدەپە و گەلی کورد نییە، ئەوە کێشەی هاوبەشی هەموو گەلانی تورکیا و هێزە دیموکراسییەکانە، بێدەنگ نەبن و بێدەنگی بە واتای قبوڵکردنە.

س.ح